ئەمەریكا ئەنجامی دەرمانێك وەك چارەسەری كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

فۆسی لەدژوارترین کاتدا، رێمدێسڤێر-ی پێباشە

K24  - مینۆسیتا- ئەمەریکا

پەیمانگای نیشتمانی بۆ نەخۆشییە ھەستەوەریی و گواستراوەکان، دوانیوەڕۆی 29ی نیسان دانی بەوەدانا کە داتا نوێیەکان دەریخستووە ئەو کەسانەی بە توندی تووشی کۆرۆنا ڤایرۆس بوون و چارەسەری (رێمدێسڤێر-Remdesivir) یان دراوەتێ، خێراتر چاکبوونەتەوە لەوانەی کە چارەسەرەکەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی گەشتی ھەواڵێکی کەناڵی ئەی بی سی نیوز، د. ئەنتۆنی فۆسی، بەڕێوەبەری پەیمانگاکە رایگەیاند، داتاکان دەریانخستووە کە (رێمدێسڤێر-Remdesivir) کاریگەرییەکی روون و ئاشکرا و گرنگی ھەبووە لە کەمکردنەوەی ماوەی چارەسەرکردنەکە.

گوتیشی: "لە ئەنجامی سەرەتایی تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە کە باشبوون و چاکبوونەوەی نەخۆشەکانی کۆڤید 19، لە 11 رۆژ تێپەڕی نەکردووە".

فۆسی لە کۆشکی سپی لەبەردەم سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و میدیاکاندا دووپاتیکردەوە کە ئەمە چارەسەری 100%، نییە، بەڵام 31%ی ئەو تووشبووانە چاکدەکاتەوە کە دۆخیان زۆر خراپە.

راشیگەیاند: "ئەوەی گرنگە دەرمانەکە رێگری لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە دەکات".

ھەروەھا لە ئەنجامی توێژینەوەی پەیمانگاکەدا دەرکەوتووە کە دوای وەرگرتنی رێمدێسڤێر، رێژەی مردن دابەزیوە بۆ 8%.

ھەمیشە کاریگەری وردی دەرمانەکان بە تەواوی ناخرێتەڕوو. بۆیە فۆسی دەڵێت: "کاتێک بەڵگەی ئاشکرامان ھەبوو کە دەرمانەکە کاری خۆی ئەکات، ئەوا پابەندبوونێکی ئەخلاقیمان لەسەرە بە خێرایی ئەو دەرمانانە بوەستێنین کە بە ھەرەمەکی بەکاردێت بۆ کۆرۆنا ڤایرۆس".

ئیدارەی خۆراک و دەرمان-ی ئەمەریکی تائێستا رەزامەندی نەداوە لەسەر ھیچ چارەسەرێک لەپێشتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس. بەڵام بەپێی ھەواڵێکی زە نیویورک تایمز ئیدارەی خۆراک و دەرمان لە پلانیدایە رێگەبدات کە (ڕێمدێسڤێر-Remdesivir) وەک حاڵەتی ئیمێرجنسی بەکاربھێنرێت.

بەپێی نیویۆرک تایمز کە لەبەرپرسێکی ئیدارەکەوە وەریگرتووە لەچەند رۆژی داھاتوودا ئیدارەکە ئەو رێگەپێدانە بڵاودەکاتەوە.

فۆسی کە لە هەمانکاتدا تیمی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئیدارەی ترەمپ، لە ھەواڵێکی دەستپێشخەردا رایگەیاند: "ئەنجامی تاقیکردنەوە مەیدانیەکانیان لەسەر دەرمانی (رێمدێسڤێر-Remdesivir) ئەوەی دەرخستووە، کە ریمدێسڤێر چارەسەرێکی تاقیکراوەیە دژی کۆرۆنا ڤایرۆس. گوتیشی :"ئەمە ھەواڵێکی دڵخۆشکەرە".

فۆسی لەنێو کۆشکی سپییەوە بە رۆژنامەنووسانی گوت: پێویست بە ھیچ تاقیکردنەوەیەکی تر ناکات.

بەگشتی پزیشکان و پسپۆرانی نەخۆشییە بڵاوەکان دڵخۆشن بەو راگەیاندنەی فۆسی، چونکە ئەو رەزامەندی دەرنەبڕیوە بۆ ھیچ دەرمانێکی تر کە لەپێشتردا باسکرابێت. بۆیە د. ئەنتۆنی فۆسی تا رادەیەک پاڵپشتی ئەم دەرمانەی کرد.

ھەروەھا ئیدارەی خۆراک و دەرمان - ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا کە لە رێگەی سی ئێن ئێن-ەوە رایگەیاند، کە وتووێژیان لەگەڵ کۆمپانیای (Gilead Sciences) کردووە، کە بەرھەمھێنەری دەرمانەکەیە بۆ بەردەستخستنی بڕێکی زۆر لە دەرمانەکە.

د. مایکل فیلبرباوم وتەبێژی ئیدارەی خۆراک و دەرمان دەڵێت: "وەک بەشێک لە ئەرکی ئیدارەی خۆراک و دەرمان پێویستە پەلە بکەین لە پێشخستن و دەستەبەرکردنی چارەسەری کۆرۆنا، بۆیە گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانیای بەرھەمھێنەر کۆتایی ھاتووە بۆ دەستەبەرکردنی رێمدێسڤێر".

ھەروەھا د. ئەنتۆنی فۆسی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی ھێڵ ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە (رێمدێسڤێر) لە سەر 1090 کەس تاقیکراوەتەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و تا رادەیەکی باشیش ئەنجامی ھەبووە.

ھەر دوابەدوای راگەیاندنەکەی د. فۆسی، رێکخراوی تەندروستی جیھانی لەسەر ئەزموونەکەی ئەمەریکا راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە. خاتوو ماریا ڤان کیرخۆف، بەڕێوەبەری ھونەری WHO گوتی: "بەشێوەکی گشتی، نەک تاکە توێژینەوەیەک، بەڵکو زۆر تۆێژینەوە ئەوەی پێداوین کە بەم دەرمانە گۆڕانکاری دەبێت".

ھەروەھا بەپێی کۆدەنگی رێکخراوەکە ئەم دەرمانەیان پێباشە. د. مایک رایان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی ئیمێرجنسی WHO گوتی: "دەتوانین لەسەر ھەندێک بڵاوکراوەی توێژینەوەکان وەک چارەسەرێکی کۆتایی، بڕیاری لێبدەین".

لەگەڵ ئەم ھەنگاوە گەورەیەدا، دوو توێژینەوە کۆمپانیای (Gilead Sciences) ی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە کە نەتوانێت بە ژمارەیەکی گەورە دەرمانەکە بەرھەمبھێنێت.

توێژینەوەی یەکەمیان، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە نەخۆشەکان بە 10 رۆژ چاکدەبنەوە لەکاتێکدا کاریگەری ئەم دەرمانە بۆ چاکبوونەوە نابێت لە 5 رۆژ زیاتر بێت.

توێژینەوەی دووەم، کە (زە لانست) بڵاویکردووەتەوە. بەکارھێنانی (رێمدێسڤێر-Remdesivir) نەبووەتە ھۆی کەمکردنەوەی 90% بەرەو ژووری مردن و تا خەڵک دڵنیا بێت لەوەی کە زووتر کۆتایی بە نەخۆشییەکە دێت.