هەناردەی لوبنان بۆ عێراق بەرزبووەتەوە
هەناردەی لوبنان بۆ عێراق لە چارەکی دووەمی 2026ـدا بۆ نزیکەی 516 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی هەمان ساڵدا، بەهای هەناردەکە 350 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، داتاکانی نەخشەی بازرگانیی سەر بە سەنتەری بازرگانیی نێودەوڵەتی، دەریدەخەن هەناردەی لوبنان بۆ عێراق لە چارەکی دووەمدا بە بڕی 166 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە، کە دەکاتە رێژەی 47.4%ـی بەراورد بە چارەکی یەکەم.
ئاماژەی بەوەش داوە، لە ریزبەندیی گرنگترین ئەو کاڵایانەی هەناردە کراون، مرواریی سروشتی، بەردە بەنرخەکان، کانزا گرانبەهاکان و بەرهەمەکانیان، هەروەها زێڕنگەری و دراوە کانزاییەکان لە پێشەنگدان، بەهای ئەم کاڵایانە لە چارەکی دووەمدا گەیشتووەتە 214 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمدا 44 ملیۆن دۆلار بووە.
باس لەوەش کراوە، لیستەکە مس و بەرهەمەکانی، ئامێر و کەرەستەی کارەبایی، قورقوشم و بەرهەمەکانی، پەین، بەرهەمەکانی سەوزە و میوە و چەرەزات، ئاسن و پۆڵا، ئەلەمنیۆم و بەرهەمەکانی، لەگەڵ جلوبەرگ و کەرەستە پێویستەکانی لەخۆگرتووە.
کۆی بەهای هەناردەی لوبنان بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی 2026ـدا گەیشتووەتە نزیکەی 866 ملیۆن دۆلار. ئەم بڕەش لە ئەنجامی کۆکردنەوەی بەهای هەناردەکان لە چارەکی یەکەمدا کە 350 ملیۆن دۆلار بووە و لە چارەکی دووەمدا کە 516 ملیۆن دۆلار تۆمار کراوە، دەستکەوتووە.