قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەكەن

قوباد تاڵەبانی: لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەشێك دەبین لەچارەسەر لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیری و چارەسەركردنی كێشەكان

K24 - ھەولێر

لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان رۆژی 29 نیسانی 2020 لەبارەگای حەوانەی خۆی پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق كرد و هەردوولا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی رونیكردەوە بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند لەبەر رۆشنایی دەستووری هەمیشەیی عێراق و لێكگەیشتنەكانی پێشتری نێوان هەردوولا سەردانی بەغدایان كردووە.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقەوە بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، رایگەیاند كورد نابێتە لەمپەر و رێگر لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی عێراق و بەپێچەوانەوە بەشێك دەبن لەچارەسەر لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و رەخسانی دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی عێراق و باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا.

لەكۆبوونەوەكەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بوون.