رووسیا: ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی عه‌فرین ده‌كه‌ین
نیگه‌رانین له ره‌وشی باكووری سووریا

K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تی رووسیا، نیگه‌رانی له‌و بارگرژیانه ده‌ربڕی، كه له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان سووریا و توركیا هاتوونه‌ته ئاراوه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، ئێواره‌ی رابردوو له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئێمه نیگه‌رانیین له‌و پێشهات و گرژیانه‌ی له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان سووریا و توركیا هاتوونه‌ته ئاراوه.
له باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی عه‌فرین، كه رۆژی (28ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2020) روویدا و له ئاكامیدا، (40) كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، كه (11)یان منداڵ بوون و (47) كه‌سی دیكه بریندار بوون، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا گوتی: ئێمه زۆر نیگه‌رانین و ئه‌و كرده‌یه‌وه ئیدانه ده‌كه‌ین.
گوتیشی: هیچ جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ دژایه‌تیكردنی تیرۆری ئه‌و گرووپانه نییه، كه له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه وه‌ك گرووپی تیرۆریست ناسێندراوون، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له یاد بێت، ئه‌و ناوچانه خاكی سووریا‌ن و له كۆتایی رێگه‌دا هه‌ر ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی سووریا.
سه‌رچاوه: RT
ئ.ر