په‌رله‌مانتارێك: گروپێكی ناو یه‌كێتی ده‌یانه‌وێت سلێمانیش به‌ ده‌ردی كه‌ركووك ببه‌ن

لامەرکەزی سياسى دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان

K24- هه‌ولێر:

چه‌ند لایه‌نێك له‌و هه‌وڵانه‌ی به‌رپرسانی یه‌كێتی نیگه‌رانن و ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ به‌ پاساوی دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزاری بانگه‌شه‌ی لامەرکەزیه‌ت بۆ سلێمانی، هەڵەبجە و هه‌ردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپه‌ڕین و گه‌رمیان دەکەن.

لە کاتێکیشدا یەکێتی بە درێژايی کابینەکانی حکومەت خاوەنی بڕیار و بەشداری کارای حکومەت بووە، مسته‌فا سه‌عید، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئەم پاساوەی یەکێتی ناڕاستە و ته‌نیا له‌ 15%ی کۆی داهاتی خاڵە سنووریەکانی سلێمانی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، ئەوی دیکەشی لەلایەن بەشێك لە بەرپرسانی یەکێتییه‌وه‌ تەخشان و پەخشان دەکرێت.

هه‌وره‌ها دەشڵێت: ئەو گروپەی ناو یەکێتی كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كه‌ن، دەیانەوێت سلێمانی بە دەردی کەرکووك ببەن.

بەشێکی زۆری دەستەڵاتەکانی حکومەت و وەزارەتەکان گەڕێندراونەتەوە بۆ پارێزگاکان بە سلێمانیشەوە، ئەوەی ئێستا پیادە دکرێت لە سلێمانی لامەرکەزییە، ترسی هاووڵاتیان و لایەنە سیاسیەکانيش بوونى ئەجێندای دەرەکیە لە پشت  قسەکردن لەسەر لامەرکەزیه‌ت. سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ش فراکسیۆنی ئازادی لەگەڵ لامەرکەزی ئیداریە نەك لامەرکەزی سیاسی، چونكه‌ وه‌ك محیه‌دین حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی ئه‌و فراكسیۆنه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، لامه‌ركه‌زی سیاسی دەبێتە هۆی نەمانی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان.

هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌وڵانه‌ش بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت: نەك لامەرکەزیەتی سلێمانی، بە هەموو داهاتەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانیش، ناتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابن بكرێت.

لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم پێکهێنەرە سەرەکیەکانی کابینەی نۆیەم  دوو ئیداره‌ییان ره‌تكرده‌وه‌، ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت کە بەهۆی لامەرکەزیەوە مووچە دابین بکرێت، رەتدەکرێتەوە، ئەم هەوڵەش بە مەترسی بۆ سەر داهاتووی هەرێمی کوردستان دەزانرێت.

H.B