پەرلەمانی عێراق دەنگ بە كابینەكەی كازمی دەدات
پەرلەمانتارانی كورد دەگەڕێنەوە بەغدا
K24 - ھەولێر
بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی مستەفا كازمی كۆببێتەوە و كورد و سوننەش دەنگ بە كابینەكە دەدەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئامادەكارییەكانی بە كۆتا ھێناون بۆ ئەوەی سبەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە كابینەی مستەفا كازمی كۆببێتەوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمان كات و كارنامەی كۆبوونەوەكەی بڵاو نەكردووەتەوە.
چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوەشكردووە، لایەنەكانی سوننە لارییان نییە و بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكەن بۆ دەنگدان بەو كابینەیە.
ھاوكات رێبوار تەھا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ـی راگەیاند، كورد بەشداری لە كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان دەكات و ئەمڕۆش پەرلەمانتارانی كورد دەگەڕێنەوە بەغدا بۆ دەنگدان بە كابینەی مستەفا كازمی.
پێشتر ھەریەك لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی و ھاوپەیمانی نیشتمانی، بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی بڵاویان كردبووەوە، بەشداری لە كابینەی مستەفا كازمی ناكەن و لە پەرلەمانیش دەنگ بە كابینەكە نادەن .