ئومێد خۆشناو: به‌شانازیه‌وه ده‌نگ به‌هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی سه‌رخۆم ده‌ده‌م
له‌سه‌ر سكاڵای مه‌حمود سه‌نگاوی ده‌چمه به‌رده‌م دادگا
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان، ئومێد خۆشناو، له بابه‌تێكدا به ناونیشانی "ئێمه‌ش یه‌کێکین له‌وان و چ هاواریش ناکه‌ین، پابه‌ندین" ره‌خنه‌ی له گه‌وره‌كردنی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی سه‌ر په‌رله‌مانتاران گرتووه و ده‌ڵێت: منیش له‌سه‌ر سكاڵای مه‌حمود سه‌نگاوی ده‌چمه به‌رده‌م دادگا. هیچیش ناڵێم ئه‌وه یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌و دژی من ئه‌و کاره ده‌کات.
ده‌قی نووسینه‌كه‌ی ئومێد خۆشناو
بابه‌تی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران زۆر له‌خۆی زێتر گه‌وره‌کراوه.
به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی رێزگرتنی یاسایه و هه‌ڵنه‌گرتنی کارێکی خراپه، واته ئامانج تێدا کپکردنی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران نیه، به‌ڵکو زێتر ئازا‌و ئازادکردنی په‌رله‌مانتارانه له‌چوارچێوه‌ی سه‌روه‌ری یاسادا.
منیش یه‌کێکم له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی داوای یاسایم له لایه‌ن به‌ڕێز مه‌حمود سه‌نگاوی له‌سه‌ر تۆمارکراوه‌و ئاماده‌م به‌شانازیه‌وه بچمه به‌رده‌م دادگا.
زۆر شه‌رمه ئێمه خۆمان یاسادانه‌ربین و له‌یاساش بترسین و خۆ بدزینه‌ره، هیچیش پێویست به‌و هاتوو هاواره ناکات، بۆیه ناکرێ هه‌موو بابه‌ته‌کان به سیاسی بکه‌ین و به‌لا ڕێی داببه‌ین، بۆیه من ده‌ڵێم به‌شانازیه‌وه ده‌نگ به‌هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی سه‌رخۆم ده‌ده‌م و به‌شانازی تریشه‌وه، ئاماده‌م بچمه به‌رده‌م دادگا‌و ملکه‌چی یاسام.
هیچیش ناڵێم ئه‌وه یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌و دژی من ئه‌و کاره ده‌کات، من و به‌ڕێز مه‌حمود سه‌نگاوی دوو هاوڵاتی ئه‌و وڵاته‌ین، بۆیه ڕێز له‌سکاڵاکه‌ی ئه‌و و داواکاری دادوه‌رو بڕیاری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و یاسا‌و دادوه‌ری ده‌گرم، به‌رامبه‌ر به‌قانون ملکه‌چم.
ئه‌وانه‌ی نیازیانه ببنه قاره‌مان، با ئازابن له‌به‌رده‌م یاسا دیکۆمێنت و ڕاستیه‌کان بخه‌نه‌ڕوو، ئه‌وده‌م خه‌ڵک ئافه‌رینیان بۆ ده‌کات. خۆ ئه‌گه‌ر ڕاستیشیان لا نه‌بوو ده‌بێ سزا بدرێن، بۆیه په‌رله‌مانتاریش مرۆڤه‌و که‌س پیرۆزنیه‌و یاسا‌و سه‌روه‌ری یاسا له‌سه‌رووی هه‌مووانه.