گەنجێكی دەڤەری ئامێدی زیاتر لە سێ مانگە لەلایەن پەكەكە رفێندراوە

كەسوكاری داوا دەكەن ئازاد بكرێت

K24 - ئامێدی

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان لە دەڤەری ئامێدی، 98 رۆژە گەنجێكی ناوچەكە لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە رفێندراوە و تائێستا بێسەروشوێنە.

ئەو گەنجە بەناوی جووتیار موحسین حوسێن، لە دایكبووی ساڵی 1991ی گوندی سیاری سنووری ناحیەی كانی جەمانكێیە.

ئەمڕۆ كەسوكاری ئەو گەنجە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی جەمانكێ گردبوونەوە و داوایان كرد كە فشار بخرێتە سەر پەكەكە، بۆ ئەوەی چارەنووسی كوڕەكەیان ئاشكرا بكەن و ئازادی بكەن.

لەناو خۆپیشاندانەكەدا بەیاننامەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە ناوچەكە خوێندرایەوە، تێیدا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و داوای ئازاد كردنی ئەو گەنجەیان كرد.

لەوبارەوە خاتوو لەعل سیاری،  دایكی ئەو گەنجە بە كوردستان24ی گوت: "كوڕەكەمان ھیچ تاوانێكی نەكردووە و پەكەكە لە خۆڕا دەستگیری كردووە، داواكارین كوڕەكەمان ئازاد بكەن و بگەڕێتەوە ناومان".