بكوژانی منداڵەکەی زوممار دەستگیر كران
بە بلۆك كوشتوویانە

K24 - دھۆك
دوو كەس بە تۆمەتی كوشتنی منداڵەكەی زوممار دەستگیر كران و هەردوو تاوانبارەکە دانیان بە تاوانەکەدا ناوە، كە پێش کوشتنی دەستدرێژییان کردووتە سەر.
عەقید، نزار مەجید، بەرێوبەری نەهێشتنی تاوان لە ناحیەی زوممار بە كوردستان24ی راگەیاند، لەسەر رووداوی کوشتنی منداڵەکە دوو کەسیان دەستگیر کردووە، کە یەکێکیان خزمی منداڵەکەیە و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.
سەبارەت هۆكاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە، بەڕێوبەری نەهێشتنی تاوان لە زوممار راگەیاند، پێش کوشتنی دوو تاوانبارەکە دەستدرێژی سێکسیان کردووەتەسەر منداڵەکە و دواتر بە بلۆک کوشتویانە، تەرمەکەشیان لە ناو مزگەوتێکی شارۆچکەکە فرێداوە.
شاهینی تەمەن 8 ساڵ لە شەوی 1-2/5/2020 لەناو شارۆچکەی زوممار دەچێتە دوکان و ناگەڕێتەوە، دوای چەند کاتژمێرێک لە بێسەروشوێن بوونی تەرمەکەی لەنێو مزگەوتێک دۆزرایەوە. لە لێکۆڵینە سەرەتاییەکاندا دیاربوو کە بە دڕندەترین شێوە و بە لێدانی بلۆک کوژرابوو.
دوای سێ رۆژ لە ئەنجامدانی تاوانەکە، هەردوو بکوژی تاوانەکە دەستگیرکران و دوای ئەوەی کە دانیان بە تاوانەکەیان داناوە رەوانەی دادگا دەکرێن.
رووداوی کوشتنی شاهینی هەشت ساڵ دەنگدانەوەی زووری بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە منداڵەکە بە شێوەیەکی زوور دڕندانە کوژراوە، بۆیە لە ئێستادا داوا دەکرێت کە بە زووترین کات ئەنجامدەری تاوانەکە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.
ناحیەی زوممار، 30 کیلۆمەتر لە تەلەعفەر و 60 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دوورە و سەر بە پارێزگای نەینەوایە.