په‌رله‌مانتارێك بۆ سۆران عومه‌ر: ئەو تەنگاوی و شڵەژانەی ناوێت ئەو بەڵگانەی له‌لاتە بیده‌ دادگا

لێگەڕێن با یاسا کاری خۆی بکات

K24 - هه‌ولێر:
له‌نجه‌ دزه‌ی، له‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، رێزگرتن لە یاسا بەردەوام قسەی سەر زار و بن زار و داواکاری هەمووانە و جەخت دەکەینەوە کە دەبێ یاسا سەروەربێ.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی روونیشی ده‌كاته‌وه‌، بەپێی پەیڕەوی ناوخوی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتار ئازادە لە کاری پەرلەمانتاری، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئازاد نییە لە ناوزڕاندن و بەخشینی تۆمەتی بێ بنەما و بێ بەڵگە بۆ هیچ کەس و دام و دەزگایەکی فەرمی.
له‌نجه‌ دزه‌یی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار یاسایی و پەیڕەوییە بەپێ ماددەی 24 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، مەبەست لێی چەسپاندنی سەروەری یاسا و ڕێگریکردنە لە تەشهیر و تۆمەت بەخشینی بێ بەڵگە و بێ بنەما بە هەر کەس و لایەنێکی فەرمی لە چوارچێوەی یاسا کار پێکراوەکان، بۆیە لێ گەڕێن با یاسا سەروەربێ و کاری خۆی بکا.
روونیشی ده‌كاته‌وه‌، ئەگەر پەرلەمانتار سۆران عومه‌ر ئەو بەڵگانەی لایە با بچێ بۆ دادگا و پێشکەشیان بکا ئەو تەنگاوی و شڵەژانەی ناوێت. ورژاندن و گەورەکردنی ئەو بابەتە لە میدیا و سۆشیال میدیاکان لەلایەن هەندێ کەس و لایەن، وەک ڕۆژی ڕوناک دیارە کە دەست و مەرامی سیاسی لە پشتە و بەداخەوە بۆ بەلاڕێ دابردنی ڕای گشتی و شاردنەوەی ڕاستیەکانە.