یەکەم گەشتی راستەوخۆ لە ئەمەریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا
فڕۆکەیەک لە واشنتنەوە گەیشتە هەولێر
K24 – ههولێر:
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازیی کرد لە گەشتێکی هێلی ئاسمانی میسڕی کە راستەوخۆ لە واشنتنی ئەمەریکاوە هاتبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فڕۆکەخانەی هەولێر، فڕۆکەکە دیبلۆماتی و لە جۆری بۆینگ 9-787 بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو گەشتە راستەوخۆیە، ماوەی 10 کاتژمێر و 33 خولەکی خایاندووە و یەکەمجارە لە مێژووی فڕۆکەخانەی هەولێر، گەشتێکی راستەوخۆ لە ئەمەریکاوە رێک دەخات.
لەم بارەیەوە، تەلار فایەق، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەم کاتە سەختە کە پێیدا تێپەڕ دەبین، ئەمە بە خاڵێكی گرنگ دادەنرێت لە مێژووی گەشەسەندنی فڕۆکەخانە و هەرێمەکەمان. ئەمە یەکەمین گەشتی لەم جۆرەیە، بەڵام جێگایەکی مێژوویی دەبێت لای ئێمە".
لە ئێستادا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە رووی گەشتە بازرگانییەکانەوە داخراوە تاکو رێکەوتی 22/05/2020 بەپێی بڕیارێكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێڕاقی.
