شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات
گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە
K24 – ههولێر:
شاندی دانوستانكاری حكومەت لە بەغدایە و ئەمڕۆ لەبارەی نەوت و بودجە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەستپێدەكاتەوە
سەمیر ھەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەت بە كوردستان24ـی راگەیاند، بە مەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆكانی ھەفتەی رابردوو، شاندی حكومەت سەردانی بەغدای كردووە و بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی تەواوكاری ئەو گفتوگۆیانە بكەن.
راشیگەیاند، کۆبوونەوەکان لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری نەوت لەسەر پرسی بودجە و نەوت دەبێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە كۆبوونەوەكانی ھەفتەی رابردوو چەند پێشنیازیك گەڵاڵەكراون و خراونەتە بەردەستی حكومەتی عێراق، حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەیەوێت لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ بەغدا ھەڵبداتەوە و ئەمڕۆش چاوەڕێدەكەن حكومەتی عێراق تێڕوانینی خۆی لەبارەی ئەو پێشنیازانە بخاتەڕوو و لە كۆبوونەوەكاندا تاتوێ بكرێن.