ئه‌مه‌ریكا شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی تایبه‌ت به كۆرۆنا هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه
"چیدیكه كۆرۆنا كاری له پێشینه نییه"
K24 - هه‌ولێر:
كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، به نیازن شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی تایبه‌ت به ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه، چیدیكه په‌تای كۆرۆنا كاری له پێشینه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ نییه.
مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه سه‌رۆكایه‌تی شانه‌كه ده‌كات، رایگه‌یاندووه، دوای كۆتایی ئه‌م مانگه شانه‌ی قه‌یرانه‌كان به پێویست نازانرێت.
پێنس گوتی: "بڕیارمانداوه پلان بۆ واده‌ی ساڵیادی (25ی مایۆ بۆ رێزلێنان له گیانی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی له پێناو ئه‌مه‌ریكا گیانیان به‌خت كردووه) دابنێین، له‌وانه‌شه بیخه‌ینه سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یران/ یۆنیۆ".
به گوێره‌ی ئاماره‌كان، تا ئێستا له ئه‌مه‌ریكا زیاتر له ملیۆنێك و 273 هه‌زار تووشی كۆرۆنا بوونه و زیاتر له 72 هه‌زار كه‌سیش به ڤایرۆسه‌كه مردوون.
كاری سه‌ره‌كی شانه‌كه، هه‌ماهه‌نگی نێوان په‌یمانگه‌كانی توێژینه‌وه‌كان بووه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، كه راپۆرته‌كانیان له باره‌ی توێژینه‌وه و ره‌وشی تووشبووان و نه‌خۆشخانه‌كانیان باس كردووه.
كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی مه‌ترسیداری ره‌وشه‌كه هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه ئێستا سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جموجۆڵه ئابوورییه‌كان.
تره‌مپ له چوارچێوه‌ی سه‌ردانێكیدا بۆ كارگه‌یه‌كی درووستكردنی ده‌مامك له ئه‌ریزۆنا گوتی: "ناتوانین وڵاته‌كه‌یان بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دابخه‌ین".
له به‌رامبه‌ریشدا ره‌خنه‌گرانی تره‌مپ باس له‌وه ده‌كه‌ن، هێشتا ره‌وشی ته‌ندروستی سه‌لامه‌ت نییه و تره‌مپ له ده‌ستپێكردنی جموجۆڵی ئابووری په‌له ده‌كات كه بۆ به‌كارهێنانی له جه‌نگی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا 2020 به‌كارده‌هێنێت.
لای خۆیه‌وه كایلی ماكینانی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، تیمه پزیشكییه‌كان به‌رده‌وام راپۆرته‌كانیان بۆ تره‌مپ ره‌وانه ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ شانه‌یه‌كی قه‌یرانی كۆرۆناش نه‌بێت به فه‌رمی.
ماكینانی گوتیشی: "خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه بۆ راپۆرته‌كان كراوه له باره‌ی شانه‌ی قه‌یرانه‌كان و هه‌ندێك وا لێكیانداوه‌ته‌وه كه چیدیكه تره‌مپ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شاره‌زایان و پزیشكان ناكات، ئه‌وه‌ش به ته‌واوه‌تی هه‌ڵه‌یه. سه‌رۆك له نزیكه‌وه كار له‌گه‌ڵ پزیشكان و ئه‌و داتا و زانیارییانه ده‌كات كه بۆی ده‌نێردرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت جموجۆڵه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه".
سه‌رچاوه: RT
ئ. م