به زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر هه‌ڵگیرا
57 په‌رله‌مانتار به به‌ڵێ ده‌نگیاندا
K24 - هه‌ولێر:
له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان، به زۆرینه‌ی ده‌نگ، پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر هه‌ڵگیرا.
به گوێره‌ی نووسراوی په‌رله‌مانی كوردستان، كه واژووی هه‌ریه‌ك له جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هێمن هه‌ورامی و سكرتێری په‌رله‌مان، مونا قاوه‌چی له‌سه‌ره، دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان دوو بڕگه‌ی له‌خۆی گرتبوو.
بڕگه‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی چوار ئه‌ندام په‌رله‌مان بوو، ئه‌وانیش: (ئومێد عه‌بدولڕه‌حمان حه‌سه‌ن، عه‌لی حه‌مه ساڵح، شیرین ئه‌مین عه‌بدولعه‌زیز، سۆران عومه‌ر سه‌عید).
دوای ئه‌وه‌ی پرسی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر خرایه ده‌نگدان، به ده‌نگی 57 په‌رله‌مانتار پارێزبه‌ندیی له‌سه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره هه‌ڵگیرا.
هه‌ر چی سێ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی دیكه‌یه، دوای ئه‌وه‌ی پرسه‌كه خرایه ده‌نگدان، ده‌نگی پێویست بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی لێیان نه‌درا.
بڕگه‌ی دووه‌م خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بوو بۆ پێشنیازه بڕیاری تایبه‌ت به (پێشكه‌شكردنی پێشنیازه بڕیار و پرۆژه‌بڕیار) له په‌رله‌مانی كوردستان.