سالار تاوگۆزی: ئه‌گه‌ر سۆرانه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوایه نەیاندەهێشت هیچ کەس دەنگ هەڵبڕێت
"ئه‌گه‌ر سۆران عومه‌ر بوایه چی ده‌كرد"
K24 – هه‌ولێر:
د. سالار تاوگۆزی، مامۆستای زانكۆ و نووسه‌ر له بواری ئه‌ده‌بیات و ئایینه‌كان، له باره‌ی پرسی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر، نووسیویه‌تی: ئه‌گه‌ر سۆران عومه‌ر و حزبه‌كه‌ی دەسەڵات بگرنە دەست، هەمان ئەو حوکمی شەریعەتە جێبەجێ دەکەن، کە گروپە جیهادیەکان لە مووسڵ و هەورامان و هەڵەبجە و ئەفغانستان و رەققە جێبەجێیان کرد و نەیاندەهێشت جگە لە ئیسلامییەکان و شوێنکەوتەکانیان، هیچ کەس دەنگ هەڵبڕێت.
له رێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فهیسبووكهوه، ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ له ژێر ناونیشانی "ئه‌گه‌ر سۆران عومه‌ر بوایه چی ده‌كرد" بابه‌تێی بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له بابه‌ته‌كه‌یدا، تاوگۆزی نووسیویه‌تی: "ئاشکرایە سۆران عومەر سەر بە حزبێکی ئیسلامی سیاسییە کە ناوی کۆمەڵی ئیسلامییە. بێگومان، هەم کاک سۆران و هەمیش کۆمەڵ و بەشێک لە ئەندامانی، پێشینەیەکی جیهادییان هەیە، ئەگەریش بۆیان بلوێت و دەسەڵات بگرنە دەست، هەمان ئەو حوکمی شەریعەتە جێبەجێ دەکەن کە گروپە جیهادییەکان لە موسڵ، هەورامان، هەڵەبجە، ئەفغانستان و رەققە جێبەجێیان کرد و نەیاندەهێشت جگە لە ئیسلامییەکان و شوێنکەوتەکانیان، هیچ کەس دەنگ هەڵبڕێت".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "هەر بەپێی ئەو پارێزبەندی و پیرۆزبەندییەی ئیسلامییەکان بە نوێنەران و جێبەجێکارانی شەریعەتی دەبەخشن، ئەگەر کەسێک زاتی ئەوە بکات لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی (ویکیلیکس) کە هێندە بەهای یاسایی نیە، رەخنە لە ئەمیر و خەلیفەی ئیسلامی بگرێت، ئەوا هەلا هەلای دەکەن".
باسی له‌وه‌شكردووه، "سۆران عومه‌ر و کۆمەڵی ئیسلامی، ئێستا وەها نیشان دەدەن، ئەگەر ئەوان حوکمیان بکردایە دەسەڵاتێکی یەکسانیخوازیان پەیڕەو دەکرد، کەچی ئەوەتا کە هێشتا لە رۆڵی ئۆپۆزسیۆندان، بەپشتبەستن بە ویکیلیکس کە بەڵگەنامەکانی لە یاسادا بەڵگەنامەی زەرفین، سەرۆکی حکومەت مەسروور بارزانی‌یان تۆمەتبار کردووە، هاوزەمان لەبەریان گرانە و بەناشەرعی و نایاسایی دەزانن سەرۆکی حکومەت لە رێگەی دادگا و پەرلەمانەوە، بەرگری لەخۆی بکات!".
له به‌شێكی دیكه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا، سالار تاوگۆزی باسی له پێكهاته‌كان كردووه و نووسیویه‌تی: "تانە لە پەرلەمانتارانی نوێنەری کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، گوایە ئەوانە کۆیلەن و نەدەبوایە بە هەڵگرتنی پارێزبەندیهکە، رازی ببن، ئاخر برای ئیسلامی بە من ناڵێیت ئەگەر خۆت لەجێگەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەدەسەڵات بای، چ مافێکت بە کەمینە ئاینییەکانی وەک مەسیحی و ئێزدییەکان و ئەوانی دیکەش دەدا؟ جگە لە ناوبردنیان بە (أهل الذمة) و وەرگرتنی باج لێیان و بە زۆر کەچکردنی ملیان بۆ خەلیفە و ئەمیرەکەت بەپێی ئەم ئایەتە: «قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّىٰ يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَن يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ». التوبة: 29. مانای ئەم ئایەتە وەک لە (تەفسیری ئاسان) دا هاتووە، واتە: ئه‌ی ئیمانداران، دژی ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕی ڕاست و دروستیان به‌خواو به‌رۆژی قیامه‌ت نیه و ئه‌و شتانه‌ی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی به‌حه‌رامیان داناوه به‌حه‌رامی نازانن و په‌یڕه‌وی دینی حه‌ق نابن، له‌وانه‌ی که کتێبیان پێدراوه له گاور‌و جوو بجه‌نگن، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی به‌ناچاری باج پێشکه‌ش به ده‌وڵه‌تی ئیسلام ده‌که‌ن، له جیاتی ئه‌وه‌ی که گیان و ماڵ و سامانیان پارێزراوه و به‌شداری جه‌نگ ناکه‌ن".