له‌ 4 مانگی رابردوودا 65 منداڵ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

37 منداڵ به‌ هۆی نه‌خۆشی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

K24 – هه‌ولێر:

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ئاماری چوار مانگی رابردووی حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدانی منداڵانی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرایكرد، 37 منداڵ به‌ هۆی نه‌خۆشكه‌وتنیان و گرفت له‌ هه‌ناسه‌دانیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 28 كۆرپه‌ش دوای له‌دایكبوونیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كه‌، لە ماوەی چوار مانگی رابردووی ئەمساڵدا 6458 منداڵ لەنەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری داخڵ كراون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە. هەروەها  21 هەزار و 636 منداڵ سەردانی كلینكی راوێژكاری ئەو نەخۆشخانەیان كردووە.

له‌ ئاماره‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: له‌ ناو ئەو منداڵانەی لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری داخڵ كراون 3104 یان نەخۆشی كۆئەندامی هەناسەیان هەبووە و لەو ماوەیەدا 37 حاڵەتی گیان لەدەستدانی منداڵ تۆماركراوە.

هەر لەماوەی ئەو چوار مانگەدا لەو نەخۆشخانەیە 2097 تیشك و 890 سۆنار و 628  ئیكۆ كراوە بۆ ئەو منداڵانەی پێویستیان پێی بووە.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی ئاماری ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا، 3304 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵبوون لە دایك بوون كە 1209 یان بە نەشتەرگەری و 2051 یان بەشێوەی سرووشتی لە دایك بوون، هەروەها 28 منداڵیش پاش لە دایك بوون گیانیان لەدەستداوە و لە بەشی خودەج 46 منداڵ وەرگیراوە.