راگە‌یە‌نراوێك لە‌ شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستانە‌وە‌

"حكومه‌تی هه‌رێم پابە‌ندبوونی خۆی لە‌سە‌ر پرسی نە‌وت و ئیلتزاماتی نە‌وتی ھە‌رێم نیشاندا"

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌ به‌غدا خسته‌ روو.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

لە‌ ماوە‌ی دووھە‌فتە‌ی رابردوودا، شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، چە‌ندین كۆبوونە‌وە‌ی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و لایە‌ن و حیزبە‌ سیاسییە‌كان، و ژمارە‌یە‌ك لە‌ ‌پە‌رلە‌‌مانتاران، لە ‌بە‌غدا ئە‌نجامدا، بە‌مە‌بە‌ستی گفتوگۆ كردن و چارە‌سە‌ركردنی پرسی  شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان.

بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌ش ‌دوو لیژنە‌ی دارایی و نە‌وتیی لە‌نێوان ھە‌ردوولا ( حكومە‌تی فیدراڵ و حكومە‌تی ھە‌رێم) پێكھێنران كە‌ وە‌ك تیمێكی ھاوبە‌ش كاریان لە‌سە‌ر دیاریكردنی گرفتە‌كان و داڕشتنی میكانیزمێكی گونجاو و یاسایی بۆ چارە‌سە‌ر كردنیان، كاریان دە‌كرد.

كۆبوونە‌وە‌كان ئە‌رێنی بوون و خاڵە‌كانی ناكۆكی نێوان ھە‌رێم و عێراق دیاری كران و تیمە‌ ھاوبە‌شە‌كان چە‌ندین پێشنییازیان ئامادە و گە‌ڵاڵە‌ كرد، بۆ ئە‌وە‌ی ببنە‌ بنە‌مای كاركردنی پێكە‌وە‌یی تا گە‌یشتن بە‌رێككە‌وتنی تە‌واوە‌تی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی نوێی عێراق.

حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، پابە‌ندی خۆی نیشاندا لە‌سە‌ر پرسی نە‌وت و ئیلتزاماتی نە‌وتی ھە‌رێم بە‌مە‌بە‌ستی گە‌یشتن بە‌ڕێكە‌وتن.

ھە‌روە‌ھا شاندی دانوستانكار پێداگری لە‌سە‌ر شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان كردووە‌ و بە‌تایبە‌ت پرسی مووچە‌.

دە‌رئە‌نجامی كۆبوونە‌وە‌كان، لە‌سە‌ر پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و پرسی نە‌وت، ئاراستە‌ی حكومە‌تی نوێی عێراقیش كراون و گفتوگۆكان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌داھاتوودا تا گە‌یشتن بە‌ چارە‌سە‌ری گونجاو.

ئاشكرایە‌، ئە‌و بودجە‌یە‌ی كە‌ لە‌ حكومە‌تی فیدراڵە‌وە‌ دە‌ھاتە‌ ھە‌رێم لە‌ ساڵی ٢٠١٩ و لە‌ سێ مانگی یە‌كە‌می ٢٠٢٠، نیوە‌ی ئە‌و بودجە‌یە‌ دە‌كات، كە‌ حكومە‌تی ھە‌رێم دە‌یدات بە ‌مووچە‌خۆرانی ھە‌رێم، بۆیە‌ پیداگری كرا لە‌سە‌ر خەرجکردنی تە‌واوی شایستە‌ داراییە‌كان.

شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان

8/5/2020

H.B