رۆبینا تیاری: ئەوانەی تا دوێنێ بانگەشەی دیموکراسیان دەكرد ئێستا قسەی بێ بنەما لەسەر پێكھاتەكان ھەڵدەبەستن

وەڵامێک بۆ ئەوانەی دژی پێکھاتەکانی نێو پەرلەمان بانگەشەی بێ بنەما دەکەن

K24 - ھەولێر

رۆبینا تیاری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی قسەی ھەندێك پەرلەمانتار رایگەیاند: "ئێمە وەکو پێکھاتەکان کلدانی سریانی ئاشووری، پێمان سەیرە کە ئەوانەی دوێنێ و پێرێ لەسەر شاشەی تیڤییەکان و لەنێو ھۆڵی پەرلەمان بانگەشەی دیموکراسی و یەکسانی مافی گەل و نەتەوەو ئۆلی و ئاینەکانیان دەکرد لە ھەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ لە ترسی دۆڕانی دیموکراسی و یاسایی ھەڵدەستن قسەی بێ بنەماو ناڕاست لەسەر پێکھاتەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان دەکەن".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "ئێمە بە دەنگ و نوێنەرایەتی خەڵکی خۆمان ھاتووینەتە پەرلەمان و ئێمەش ھاووڵاتی ئەم ھەرێمەین و خۆمان بە کوردستانی دەزانین. وەکو ھەر کەسێکی تری ئەم ھەرێمە ئێمەش مافمان ھەیە. یەکێک لە لایەنە جوانەکانی ھەرێمی کوردستان بریتییە لەو پێکەوە ژیانەی ئۆلی و مەزھەب وئایین و نەتەوانەی کە لە ھەرێمدا ھەن. ئەوانەی دژی پێکھاتەکان لێدوانی شەڕانگێزی دەدەن ھەمیشە ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئەو تەبایی و پێکەوە ژیانەیە کە لە کوردستان ھەیە. ئێمە نە بڕوامان بەو جۆرە کەسانە ھەیە و نە لەگەڵیشیان دا دەبین، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە بڕوامان پێیان نییە دەبێت مافمان بسڕێتەوە، مافی پێکھاتەکان بووەتە کارنامەیەکی جیھانی لە ھەرێم. کوردستان تاکە شوێنی ئارامی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە ئێمە وەکو پێکھاتەکان ھەمیشە رێز لە سەروەری یاسا و ئاسایش و پێکەوەژیان دەگرین لە ھەرێمی کوردستان و مافی سرووشتی و دیموکراسی خۆشمانە تەوافق لەگەڵ چ لیست و لایەنێک بکەین لە نێو ھۆڵی پەرلەمان، پێمان وایە ئەوە مومارەسەی کاری پەرلەمانی و دیموکراسی یە کە دەیکەین".

 دەشڵێت: "داواکارین لەسەر تێکچوونی بەرژەوەندی ھەندێک کەس با رەوشی پێکەوەژیان نەخەینە ژێر پرسیار. چونکە بەرژەوەندی باڵای ھەرێم و مافی پێکھاتەکان ئایین و نەتەوەکان لە ھەرێمی کوردستان زۆر لە بەرژەوەندی کەسێکی و حیزبێکی تازە گەورە ترە. کوردستان بە پێکەوەژیان جوانە و جوانتریش دەبێت".