ھاوپەیمانان: ئامانجمان دروستكردنی هاوپهیمانی و هاوكاری پێشمهرگه و هێزه عێراقییهكانه
"هاوپهیمانی و هاوكاری لهنێوان پێشمهرگه و هێزه عێراقییهكان دروست دهكهین"
K24 - ھەولێر
مایڵز کانگینز، گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە کوردستان24ی راگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی ھاوپەیمانی دروستکردنی ھاوپەیمانی و ھاوکاری نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش چەندین جار بەرپرسانی عێراقیش داوای ئەو ھەماھەنگیەیان کردووە.
سەبارەت بە مانەوە، یان چوونە دەرەوەی ئەمەریکا لە عێراق و داھاتووی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاگینز دەڵێ "ھاوپەیمانیەکە تەنیا ئەمەریکای تێدا نییە، بەڵکو چەندین وڵاتی دیکەشی تێدایە و لە عێراقیش دەمێننەوە".
مایڵز کانگینز، گوتی: "ساڵی 2014 ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنکەیەکی لە ھەولێر و لە بەغداش ھەبوو، لە ھەولێرەوە گفتوگۆ و ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە دەکرا و لە بەغداشەوە لەگەڵ ھێزە عێراقیەکان. پێکەوە پێشمەرگە و دژە تیرۆری عێراق بەنداوی مووسڵیان کۆنترۆڵ کردەوە. پێشمەرگە چەندین ئۆپەراسیۆنی دیکەی ھاوبەشیان لەگەڵ ھێزەکانی حکومەتی فیدراڵی ئەنجامداون و خەڵکیان لە دەستی تیرۆری داعش رزگارکردووە. بوونی ئەم جۆرە ھەماھەنگی و ھاوکارییەی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان یەکێکە لە ئامانجەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش. ھەفتەی رابردووش، گوێمان لێبوو بەرپرسانی عێراق بە ئاشکرا گوتیان دەمانەوێت ھەمانگی لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکاندا ھەبێت".
گوتیشی: "ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر بانگھێشت و داوای حکومەت لە عێراق دەمێنێتەوە، ھاوکاری پێشمەرگە و زێرەڤانی و سوپای عێراق و ھەموو ھێزە ئەمنییەکان دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی یەکجارەکی داعش".
گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، راشیگەیاند: "لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، راھێنانەکان بە ھۆی مەترسی کۆرۆنا راوەستان، ئێستا لە گفتوگۆداین بۆ دەستپێکردنەوەیان".
ئاماژەی بەوەشدا: "سەبارەت بە دەنگدان بۆ کردنە دەرەوەی ئەمەریکا لە عێراق، ھاوپەیمانی تەنیا ھی ئەمەریکا نییە، بەڵکو چەندین وڵاتی دیکەی تێدایە و لە چەند رۆژی رابردووش لەسەر داوای ھێزە عێراقییەکان شەش وڵاتی ئەندامی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشتی ھێزە عێراقییەکانیان کردووە لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا، لە دژی داعش".