عەبدولڕەحمان مستەفا: نەدەبوو یەكێتی ئەوە لەگەڵ من بكات

عەبدولڕەحمان مستەفا لەبارەی كاندید كردنی و بۆ وەزیری دادی عێراق روونكردنەوە دەدات

K24 - ھەولێر

عەبدورەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووتری كەركووك لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە وەك كاندیدی كورد بۆ وەزیری داد دەستنیشان كراوە، بەڵام لەكاتی دەنگدان ژمارەیەكی كەم لە پەرلەمانتارانی كورد دەنگیان پێداوە. راشیدەگەیەنێت، ئەگەر ئەو پۆستە ھی یەكێتیە و رازی نەبوو دەبوایە رێگربن كە ناوی من بچێتە پەرلەمان. ئاشكراشی دەكات پێشتر قوباد تاڵەبانی داوای لێكردووە كە كاندید بێت بۆ ئەو پۆستە.

لە گرتە ڤیدیۆیەكدا عەبدورەحمان مستەفا دەڵێ: "من نیازم نەبوو كە خۆم بۆ ھیچ پۆستێك كاندید بكەم، بەڵام لەلایەن د. كەمال كەركووكی پەیوەندیم پێوەكرا كە من كاندیدم بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق بە رەزامەندی ھەموو لایەنەكان، یەكەمجار رەتمكردەوە دواتر رازی بووم. پاش ئەوە مستەفا كازمی پەیوەندی پێوەكردم و پێی راگەیاندم كە رەزامەندی ھەموو لایەنەكانم لەسەرە بۆ ئەو پۆستە. ھەروەھا دواتر قوباد تاڵەبانی پەیوەندی پێوەكردم و پێی گوتم تۆ نوێنەرانی ھەموومانی و خزمەتی ھەمووانت كردووە".

گوتیشی: "من لەبەر ئەوە قبووڵم كرد كە كاندیدبم، گوتم وەك جارەكانی پێشتر بۆ یەكڕیزی و وەك كەسێكی بێ لایەن منیان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كردووە".

عەبدورەحمان مستەفا، ئاماژەی بەوەكرد: "ئەو شەوەی دەنگ بە پێكھاتەی كابینەكە درا، پێش پرۆسەی دەنگدان ئاگادار كرامەوە كە گۆڕانكارییەك لە كاندید كردن بۆ پۆستی وەزیری داد كراوە، یەكەمجار پێیان گوتم چاوەڕێ بكە تا ئاگادار دەكرێیتەوە، دوای ماوەیەك تەلەفۆنم بۆ كرا گوتیان كێشەكە چارەسەر كرا، ئیتر بەرەو پەرلەمان رۆیشتین، پێش پرۆسەی دەنگدان بینیم پەرلەمانتارەكانی یەكێتی زۆر چالاكانە دەسوڕانەوە و لەگەڵ ھەموو لایەنەكان قسەیان دەكرد، من ئەوكات وامزانی كە لەسەر رێككەوتن قسە دەكەن، بەڵام كە دەنگدان گەیشتە ناوی من حاڵەتێكی زۆر نامۆ بوو ھەرگیز بیرم لێ نەكردبووەوە، ژمارەیەكی زۆر كەم پەرلەمانتارەكان دەنگیان بەرز كردەوە، دوای كۆبوونەوەی پەرلەمان چەند پەرلەمانتارێكی عەرەب پێیان گوتم لە دژی تۆ كاركراوە، بە كوتلەكان گوتراوە دەنگم پێنەدەن".

جەختیكردەوە: "وەك كەسێكی بێ لایەن بۆ ئەو پۆستە كاندید كراوم، ھەمیشە خۆم بە كەسێكی بێ لایەن دەزانم و رێز لە ھەموو لایەنەكان دەگرم، بۆیە ئەو ھەڵوێستەم زۆر پێ سەیر بوو، ئەو پۆستە كە ھی یەكێتیە ئەگەر رازی نەبوون نەدەبوو رێگە بدەن ناوی من بڕواتە پەرلەمان و بخرێتە دەنگدانەوە، چونكە پێشتر لایەنەكان قسەیان لەسەر ھەموو شتێك كردووە، زۆربەی پەرلەمانتار و بەرپرسانی یەكێتی برادەری منن دەبوایە بە تەلەفۆنێك منینا ئاگادار كردبایەوە، بۆیە زۆر لێیان بە گلەییم، نەدەبوو ئەوەم لەگەڵ بكەن، چونكە من ھیچ خراپەم بۆ ھیچ لایەنێك نەبووە".

عەبدرەحمان مستەفا، ئەوەشی خستەروو: "لەئێستاوە من ھیچ پەیوەندییەكم بە قەوارەی هاوپەمانێتی کوردستانی نەماوە و ئەگەر كاتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیار كرا، با كەسێكی دیكە لەشوێنی من بۆ سەرۆكی قەوارەی هاوپەمانێتی کوردستان دەستنیشان بكەن".