فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ھاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە
دەنگۆیەك رەتدەكاتەوە
K24 - سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان بە دووربگرن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی تکت بە گران دەفرۆشن. ئەو دەنگۆیانەش رەتدەكاتەوە كە دەگوترێ گەشتەكان ئاسایی كراونەتەوە.
ئەندازیار تاھیر عەبدوڵڵا قادر، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەوەی دەبینرێت كۆمەڵێك كۆمپانیای بیانی کە لقیان لە ھەرێمی كوردستان ھەیە بلیتی گەشتكردن بە گرانتر دەفرۆشن بەو كەسانەی لە ئەوروپا و ھەر وڵاتێكی دیكە گیریانخواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە كوردستان و بە پێچەوانەوە. داوا دەکات هاووڵاتییان خۆیان بەدووربگرن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە.
بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانە جەختیكردەوە، تاوەكو ئێستا ھیچ رێنماییەکمان بۆ دەستپێكردنەوە و ئاساییکردنەوەی گەشتی فڕۆكەی گەشتیاری بەدەست نەگەیشتووە، وەک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێمان باشە ئەو گەشتانە ئەنجام بدرێت، بەڵام بە مەرجێک نرخی تکتەکان لەگەڵ توانای دارایی ھاووڵاتییان بگونجێت و لەژێر چاودێری و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا بێت.
بەپێی بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی تاوەکو 22ـی ئەم مانگە سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەی گەشتیاری لە تەوای فڕۆکەخانەکانی عێراق هەڵپەسێردراوە. بڕیارەکە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی تایبەت بە بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بوو لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی دەرچووە و تەنھا رێگە بە گەشتی فڕۆکەکانی مانگی سوور، سەربازی، یارمەتییە تەندروستییەکان و فریاگوزارییەکان و کارگـــۆ دەدرێت.