وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان: هەوڵێک هەیە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان
"تۆمەت خستنەپاڵ پێکهاتەکان ئەنجامی نابەجێی لێدەکەوێتەوە"
K24 – ههولێر:
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان بڵاویکردەوە، چەند رۆژێکە هێرشێکی ناڕەوا رووبەڕووی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی هەرێمی کوردستان بووەتەوە و هەوڵێک هەیە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی نێوان پێکھاتەکان.
ئاماژەی بەوەکردووە، پێکهاتەکان زامنی دیموکراسیی هەرێمن و پارێزەری ئاشتی و پێکەوەژیانن. ناوزڕاندن، هێرشکردن و تۆمەت خستنەپاڵ پێکهاتەکان ئەنجامی نابەجێی لێدەکەوێتەوە.
روونیکردووەتەوە، بۆیە دڵگرانی خۆمان بەهۆی ئەو هێرشە ناڕەوایەی بەرامبەر بە پێکهاتەکان رادەگەیەنین و بەهەموو شێوەیەک رەتی دەکەینەوە.
ئایدن مەعروف دووپاتی دەکاتەوە، ئێمە لە ھەموو کاتێکدا دەبینە داکۆکیکاری مافی پێکھاتەکان چونکە ئەوان بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوی ئەم ھەرێمەن.