مووشەکێک 19 سەربازی ئێرانی لە ئاوەکانی کەنداو کوشت

لە مانۆڕێکی سەربازیی مووشەکێک بە هەڵە ئاراستەکراوە

K24 – هه‌ولێر:

لە مانۆڕێکی سەربازیی ئێران لە ئاوەکانی کەنداو، مووشەکێک بە هەڵە ئاڕاستەکراو و بەهۆیەوە بە گووتەی بەرپرسانی ئێران، 19 کەشتیوانی سەربازیی گیانیان لەدەستداوە و 15 دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە حکومەتی ئێران بڵاویکردووەتەوە، کشتییەکی سەربازیی بە ناوی کۆناراک بەهۆی رووداوێک زیانی بەرکەوتووە و بەهۆیەوە 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 دیکەش بریندارن.

ئەگەرچی تەسنیم زیانە ماددییەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە، "کەشتییەکە نزیک بووە لە ئامانجی مووشەکێک و زیانی بەرکەوتووە.".

لە دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، کۆماری ئیسلامی ناو بە ناو مانۆڕی سەربازیی ئەنجام دەدات و دروشمی دژی ئەمەریکا دەڵێنەوە.