محەمەدی حاجی مەحمود: نەبوونی یەکڕیزیی لە بەغدا زیانی بە هەرێم گەیاندووە

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کوردستان24

K24 – هه‌ولێر:

محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی یەکڕیزیی، کورد زیانی زۆری لە عێراق کردووە و پشکی خۆی بەر نەکەوتووە.

لەبارەی کابینەکەی مستەفا کازمی، محەمەدی حاجی مەحمود دوودڵی خۆی نەشاردەوە و رەخنەی لە وتاری سەرۆک وەزیرانی عێراق گرت کە باسی مافەکانی کوردی تێدا نەکراوە.

سکرتێری حزبی سۆسیالیست ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دەرەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگترە چونکە جووڵە و چوونە دەرەوەی زیاتری تێدایە و ئەمەش لە بەرژەوەندی کورد دەبێت.

دووپاتیشکردەوە، مافی پێکهاتەکان و رێزگرتن لە بۆچوونەکانیان، بەشێکی گرنگی پرۆسەی دیموکراسییە و پێشتر هەموو لایەنەکان خۆیان لە پەرلەمان ئەو مافەیان داوە بە پێکهاتەکان نەک تەنها یەک لایەن.

لەبارەی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، گووتی، پێم وانییە بە گفتوگۆ پێشمەرگە بتوانێت بگەڕێتەوە، بەڵکو دەبێت رووداوێکی گەورەی وەک کەوتنی سەددام و هاتنی داعش رووبدات.