حكومه‌ت كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و كەمئەندامانی سەنگەر لە رسوماتی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ دەبەخشێت

حكومه‌ داراییه‌كان نایانگرێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ تاپۆكردنی خانووی زێده‌ڕۆ، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و كەمئەندامانی سەنگەر له‌ رسومات ده‌به‌خشرێن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، سەرجەم ئەو خانووانەی لەپێش مانگی ئاداری 2018وە بەشێوەی زێدەڕۆ لە شار و شارۆچكەكان دروستكراون، بە نرخێكی رەمزی تاپۆ دەكات و كەسوكاری پلە یەكی شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەروەها كەمئەندامانی سەنگەر لە رسوماتی تاپۆكردنی خانووەكانیان دەبەخشرێن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ده‌ڵێت: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری تاپۆكردنی سەرجەم ئەو خانووانەی داوە كە لەپێش مانگی ئاداری 2018 بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكراون و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە پێكهێنراوە".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، له‌ بارەی رسوماتی تاپۆكردنی خانووی كەسوكاری پلە یەكی شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەروەها كەمئەندامانی سەنگەر، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند: كەسوكاری پلە یەكی شەهیدان، ئەنفالكراوان، كەمئەندامانی سەنگەر حوكمە داراییەكان نایانگرێتەوە و لە رسوماتی تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانیان دەبەخشرێن.