لە دوو رووداوی ھاتووچۆدا لە ھەولێر 3 كەس گیانیان لەدەستدا
لەسەر شەقام خۆیان بە ھاووڵاتییاندا كێشاوە
K24 - ھەولێر
شەوی رابردوو لە دوو رووداوی ھاتووچۆدا لەناو شاری ھەولێر سێ كەس گیانیان لەدەستدا، كە ھەردوو رووداوەكە خۆكێشان بووە بە ھاووڵاتییان لەسەر شەقام.
ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ھەردوو رووداوەكە خۆكێشان بووە بە ھاووڵاتییان لەسەر شەقامە گشتییەكان، رووداوێكیان لە شارۆچكەی بنەسڵاوە روویداوە، شوفێرێك لەسەر شەقام خۆی كێشاوە بە ھاووڵاتییەك و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".
گوتیشی: "لەلایەكی دیكە و درەنگانی شەوی رابردوو لە چواڕیانی عنكاوە، شوفێرێك بە ئۆتۆمبێلێكەی بەخێراییەكی زۆرەوە خۆی كێشاوە بە دوو ھاووڵاتیی و ھەردووكیان گیانیان لەدەستداوە".
پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشكرد: "بەھۆی خێرای خۆپێداكێشانی ئۆتۆمبێلەكە، تەرمی ھەردوو ھاووڵاتییەكە شێواوە و ناسینەوەیان ئەستەمەم، چونكە ناسنامەشیان پێ نییە".
بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان، ئەو شوفێرە تەمەنی 17 ساڵە و دوای رووداوەكە ئامادە نەبووە خۆی رادەستی پۆلیس بكات.