ئەو كەسەی تەقەی لە ھێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرد دەستگیر كرا

چەند فەرمانێكی گرتنی هەبووە

K24 - سلێمانی

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند، كە چەند فەرمانێكی دەستگیركردنی ھەبوو، ھەروەھا چەند جارێكیش تەقەی لە ھێزەكانی پۆلیس كردووە.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد: "دوای كۆكردنەوەی زانیاری و دیاریكردنی شوێنی تۆمەتبار، شەوی  10ی5ی 2020 كاتژمێر 7:30 خولەك مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە لە چەند بنكەیەك فەرمانی دەستگیركردنی هەبووەو لەكاتی دەستگیركردنیشیدا رووبەڕووی هێزەكانی پۆلیس بوبووەو تەقەی كردبوو".

ئاماژەی بەوەشكردووە: "تۆمەتبار (ه ، م ، ع ) لەدایكبووی 1992ی دانیشتوی شاری سلێمانی، كە لەچەند بنكەیەك داواكراوە و پێشتریش تەقەی لە مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد كردبوو لەكاتی چونیان بۆ دەستگیركردنی، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی  (405- 31،  229 و 430 )  كە بریندار كردن و سەرانە وەرگرتن و هەڕەشەكردنە لە هاووڵاتییان راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".