مەسرور بارزانی: حکومەت هەموو هەوڵێک بۆ خزمەتی مامۆستایان دەدات

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایان کوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 58‌هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێکی ئاراستەی یەکێتییەکە کرد و تیایدا پاڵپشتی حکومەت بۆ مامۆستایان دووپات دەکاتەوە.

دەقی پەیامەکە:

بەبۆنەی پەنجا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و گشت ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم .

مامۆستایانی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و دیاریان لە پێگەیاندنی رۆڵەکانی کوردستاندا گێڕاوە و لە شۆڕشەکانی کوردستانیشدا بەشدارییەکی کارایان کردووە و هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن بوون لە مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنێ کە سەڕەڕای هەموو دۆخە سەختەکانیش بەردەوامن لە بەخشش و درێژەدان بە کاروانی پەروەردەیی و بە جێگەیاندنی ئەرکە پیرۆزەکەیاندا. بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ خزمەتکردنی مامۆستایان و گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/5/14