د. کەمال کەرکووکی: بەرپرسی ئەمنی هەیە لە کەرکووک براکەی ئەمیری داعش بووە

"هەموو هەوڵەکان بۆ دەرکردنی کوردە"

K24 – هه‌ولێر:

د. کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک- گەرمیانی پارتی لەبارەی نوێترین پێشهاتەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بە کوردستان24ـی راگەیاند، داعش و شۆڤینییەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کورد لە کەرکووک و خانەقین و چەند ناوچەیەکی دیکە وەدەربنین.

راشیگەیاند، پڕچەککردنی هۆز و خێڵەکان کە بەشێک لەوان خۆیان داعشن، مەترسیی زۆری دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق دەیەوێت لە رێگای بڕینی بودجەی کوردستان، گەندەڵی و شکست و کەموکورتییەکانی خۆی بشارێتەوە.

دۆخی کەرکووکیش بە مەترسیدار دەزانێت و رایگەیاند، بەرپرسی ئەمنی هەیە لە کەرکووک، براکەی ئەمیری داعش بووە لە زاب، ئەمانە چۆن دەتوانن داعش لە کەرکووک دووربخەنەوە. دووپاتیشکردەوە، تەنها بە چوونە دەرەوەی میلیشا و هێزەکانی حەشدی شەعبی و گەڕانەوەی پێشمەرگە دۆخەکە سەقامگیر دەبێت.

لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان گووتی، پلانێک هەیە کە ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانی لەبارببرێت و هاوشێوەی رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، دەسەڵات بدرێتە شۆڤێنییەکان.