چالاکوانێک چەند ساختەکارییەکی سەرکەوت شەمسەدین لە کاتی هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکات

نە بڕوانامەی ماستەری هەبووە و نە راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بووە

K24 – هه‌ولێر:

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بانگەشەی ئەوە دەکرد کە بڕوانامەی ماستەری هەیە، بەڵام رۆژنامەنووسێک ئاشکرای دەکات، ئەم مانگە ئەو ئەندام پەرلەمانە، بڕوانامەکەی تەواو کردووە. رەتیشی دەکاتەوە، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بووبێت.

ئاریەل ئەهرام، پرۆفیسۆر لە سکولی کاروباری ناوخۆ و دەرەوە لە پەیمانگەی پۆلیتەکنیکی ڤێرجینیا و پرۆفیسۆر لە پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ لێکۆڵینەوەی جیهانیی لە پۆستێکی تویتەر لە 15/05/2020 بڵاویکردووەتەوە، پیرۆزبایی لە سەرکەوت شەمسەدین، ئەندام پەرلەمانی عێراق دەکەین بە بۆنەی تەواوکردنی ماستەرەکەی.

چالاکوانێکی تویتەر بە ناوی یەریڤان سەعید، بە ئاماژەدان بە تویتی پرۆفیسۆرە ئەمەریکییەکە نووسیویەتی: "سەرکەوت شەمسەدین کە خۆی وەک دەنگی دژە گەندەڵی ناساندووە، درۆی لەگەڵ دەنگدەران کردووە و ساختەکاریی لەگەڵ کردوون بەوەی ماستەری هەبووە لە ساڵی 2018".

ئەو چالاکوانە دەشڵێت: " ئەوەش راست نییە کە سەرکەوت شەمسەدین راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بووە، بەڵکو وەرگێڕی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بووە لە عێراق و خۆنیشاندان وەک بەرپرسی حکومەتی ئەمەریکا تاوانە لە ئەمەریکا".

سەرکەوت شەمسەدین لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ساڵی 2018 کە ئەو کات لەسەر لیستی نەوەی نوێ خۆی کاندید کردبوو، خۆی وەک خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەناساند و بانگەشەی دەکرد، بەڵام وەک ئەوەی مامۆستەکەی لەو زانکۆیەی تێیدا دەخوێنێت دەڵێت، ئەو لە ساڵی 2020 و مانگی پێنج بڕوانامەکەی بەدەستهێناوە.