فرۆشی دەرمانی سامەڕا بەرزبوونەوە تۆمار دەکات

لە سێ مانگدا بە بڕی 15 ملیار 389 ملیۆن دینار فرۆشیان تۆمار کردووە

K24 - ھەولێر

کۆمپانیای گشتی بۆ پیشەسازی دەرمان و پێداویستییە پزیشییەکان لە سامەڕا، کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاگەری عێراقه‌، رایگەیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە 71% بەرزبوونەوەیان لە فرۆش تۆمارکردووە بەراورد بە هەمان ماوە لە 2019.

حەمید عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژه‌یداوه‌، توانیویانە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە فرۆش تۆماربکەن، ئەوەش دوای ئەوەی سیاسەتێکی نوێی بە بازاڕیکردنیان گرتووەتە بەر، بەهۆیەوە توانیویانە بە رێژەی لە 71% بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزبوونەوە لە فرۆش تۆماربکەن.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە‌، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە بڕی 15 ملیار 389 ملیۆن دینار فرۆشیان تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2019 فرۆشیان 8 ملیار و 976 ملیۆن دینار بووە.