"كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بووه‌ته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ داعش"

فڕۆكه‌ له‌ ئاسمان نه‌ماوه‌ و داعش به‌ ئاره‌زووی خۆی هێرشه‌كانی ئه‌نجام ده‌دات

K24- به‌غدا:

لە ماوەی 2 مانگدا چەکدارانی داعش 64 هێرشیان کردووه‌تە سەر هێزه‌ عێراقیەکان لە ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، زۆربوونی جووڵەی چەکدارانی داعش وای کردووە عێراق بیر لە دروستکردنی هەماهەنگی بکاتەوە لەو ناوچانه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی هەماهەنگییە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە جێگیر بکرێت.

به‌ مه‌ودای سه‌دان كیلۆمه‌تر له‌و ناوچانه‌ بۆشایی ئه‌منی له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان هه‌یه‌ و چه‌كدارانی داعش به‌ ئاره‌زووی خۆیان ته‌راتێن ده‌كه‌ن و چالاكییه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، داعش له‌و ناوچانه‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌، بۆیه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه‌ ئه‌و به‌رپرسیاریەتییه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت و بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كیشه‌یه‌، پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزی پیشمه‌رگه‌ی كوردستان بكه‌ن.

چالاكییه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان بە جۆرێك زیادیان كردووه‌، کە‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ناتوانن بەر بەهێرش و پەلاماره‌كانیان بگرن. له‌م باره‌شه‌وه‌ سه‌عد زوبه‌یدی، شاره‌زای بواری ئه‌منیی عێراقی ده‌ڵێت: "دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا جموجووڵی داعش زیادی کردوە، چونکە دەزانن ئاسمانی ناوچەکە فرۆکەی لێ نییە، لەهەمان کاتیشدا ئەمە پەیامێکە کە ئەمه‌ریکا وای کردووە عێراق پێویستی پێی بێت".

له‌كاتێكدا ئەوانەی چاودێری بارودۆخەکە دەکەن پێیان وایە، ئەگەر هەماهەنگی نەکرێت، دۆخی ناوچە دابڕاوەکان لە ئێستا خراپتر دەبێت، لە پەرلەمانی عێراقەوە وەزارەتی بەرگری سەرپشك کراوه‌ بۆ دروستکردنی ژوورێکی هەماهەنگی لە نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ڕووبەربونەوەی مەترسییەکانی داعش لە ناوچە كوردستانییه‌كان، بەڵام هێشتا بەغدا هیچ هەنگاوێکی کرداری به‌و ئاراسته‌یه‌ نەناوە.

H.B