"دەبێ پڕۆژەی لامەرکەزیەت گونجاو بێت لەگەڵ دەقە یاساییەکان"
ئەو دەسەڵاتەی بە یەكە كارگێڕییەكان دەدرێت، دەبێ لەژێر چاودێری ئەنجوومەنی پارێزگاكان بێت
K24 - سلێمانی
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەبێ پڕۆژەی لامەرکەزیەت گونجاو بێت لەگەڵ دەقە یاساییەکان و ئەو دەسەڵاتەی بە یەكە كارگێڕیەكان دەدرێت، دەبێ لەژێر چاودێری ئەنجوومەنی پارێزگاكان بێت.
مینا سامی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند، بەشداریکردنی فراکسیۆنەکەیان لە لیژنەی ئامادەکاری پڕۆژەی لامەرکەزیەت بۆ پاڵپشتیکردنە لە پڕۆژەی چاکسازی حکوومەت، کە لامەکەزیەت بەشێکە لە پڕۆژەکە.
دووپاتیشی کردەوە، دەبێت پڕۆژەی لامەرکەزیەت گونجاو بێت لەگەڵ دەقە یاساییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشدا "ئەو دەسەڵاتەی بە یەكە كارگێڕیەكان دەدرێت، دەبێ لەژێر چاودێری و رێنوێنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بێت، نابێ دەسەڵات بدرێت بە كەسێك نەتوانی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، ساڵانی پێشتر ئەم كێشەیەمان ھەبووە".