بەشێك لە بازرگانان مانگی رەمەزان وەك دەرفەت بۆ ساغكردنەوەی كاڵا بەسەرچووەكان دەقۆزنەوە

سەدان تۆن خۆراكی ماوە بەسەرچوو ئەم مانگە لە ھەرێمی كوردستان دەستی بەسەردا گیراوە

K24 - ھەولێر

لە مانگی رەمەزاندا لەبەر ئەوەی ھاووڵاتییان پێداویستیەکانیان زیاتر دەبێت، بەشێک لە بازرگانەکان ھەوڵدەدەن لەو مانگەوە کاڵاکانیان ساغبکەنەوە، ئەمە جگە لەوەی ئێستا لە سنوورەکانەوە کاڵای بەسەرچوو بە قاچاغ دەھێنرێتە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە بەردەست لیژنەکانی چاودێری بازاڕی پارێزگاکاندا ھەیە، رۆژانە دەست بەسەر خۆراک و ماددەی بەسەرچودا دەگیرێت. قایمقامی ھەولێر رایدەگەیەنێت، بەشێکی زۆر لەو کەرەستانەی کە دەستی بەسەردا گیراوە ھی ئەو بازرگانانەن کە لە مەرزی باشماخەوە داخڵی ھەرێمی کوردستانیان کردون.   

لەماوەی 20 رۆژی رابردوودا لە پارێزگای ھەولێر 5 تۆن جەرگی ئێرانی و 20 تۆن ھێلکە و 20 تۆن خورمای بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە. لەگەڵ ئەمەش نزیکەی 15 ملیۆن دینار سزای ئەو کەسانە بووە کە سەرپێچیان کردووە. لە پارێزگای دھۆکیش  زیاتر لە 17 تۆن کەلوپەل و خۆراک دەستی بەسەردا گیراوە 12 شوێن داخراون 89 شوێنیش سزادراون. لە پارێزگای سلێمانیش زیاتر لە شەش تەن و 500 کیلۆ گرام  خورماو خۆراکی دیکە دەستی بەسەردا گیراوە.