داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی سووتاندنی گەنمی جوتیاران دەكرێت

داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت

K24- هه‌ولێر:

بۆ رێگری لە سوتاندنی ده‌غڵ و دانی جوتیارانی كورد له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، داوا دەکرێت هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بچێتە ئه‌و ناوچانه‌.

لای خۆشیه‌وه‌ جوان رۆژبه‌یانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانمان کردووە و دەشڵێت: بێ هێزیی سوپای عێراق لە ناوچەکە، هۆکارێکی دیکەی سوتاندنی گەنم و جۆی جووتیارانە.

هاوكات عوسمان سێده‌ری، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەش له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتی: داعش و عەرەبە شۆڤینیەکان گەنم و جۆی جووتیاران دەسوتێنن. ئەو، داوای جێبەجێکردنی رێکەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات و پەیامێکیش ئاراسته‌ی بەرپرسانی کورد لە بەغدا ده‌كات.

بۆشايی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و بوونی شانە نووستوەکانی داعش و پلانی حکومەتی عێراق بۆ تەعریبی بەردەوامی ناوچە کوردستانییەکان، زیانی گیانی و ماددی بۆ هاووڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانە هەبووه، دۆخەکەش تا دێت خراپتر دەبێت، تاکە رێگەش پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقە.

H.B