بانکی ناوەندیی عێراق: هەر مووچەخۆرێک هەژماری بانکی بۆ نەکرێتەوە مووچەکەی ڕادەگیرێت

بانکی ناوەندیی عێراق
بانکی ناوەندیی عێراق

ئەمڕۆ مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاب لە ڕێگەی هەژماری من دابەش کرا. سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەر مووچەخۆرێک هەژماری بانکی بۆ نەکرێتەوە، بە گوێرەی ڕێککەوتنێک مووچەی پێ نادرێت.

یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق پێویستە سەرجەم مووچەخۆران هەژماری بانکیان بۆ بکرێتەوە، هەر مووچەخۆرێک تا مانگی سێی 2025 هەژماری بانکی بۆ نەکرێتەوە و لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەکرێت، مووچەی پێنادرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەی هەژماری من و پڕۆژەی تەوتینی عێراق هیچ جیاوازییەکیان نییە و داواکاری بانکی فیدراڵی ئەمەریکایە، دەبێت سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەنی هەژماری بانکی، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی کەرتی دارایی و بانکیی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە، بۆ مانگی ئاب 132 هەزار مووچەخۆر لە ماوەی سێ ڕۆژدا مووچە لە رێگەی هەژماری من وەردەگرن، ئەمڕۆ یەک شەممە 40 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەوەیە مووچەکانیان وەرگرت، هەر لەو چوارچێوەیە سبەی دووشەممە 46 هەزار مووچەخۆر و  ڕۆژی سێشەممە 46 هەزار مووچەخۆری دیکە لەو ڕێگەیەوە مووچەکانیان وەردەگرن.