تا دێت گرژییه‌كانی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر ده‌بن

دوای نزیکەی نیو سەدە لە هەڕەشەکردن لە یەکدی، خەریکە ئێران و ئیسرائیل دەست بۆ بژاردەی سەربازی دەبەن تا وەڵامی یەکدی بدەنەوە و تەنیا ئەمساڵ ئێران دوو جار هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت: هەر کەسێك و لایەنێك هێرش بکاتە سەرمان وەڵامی دەدەینەوە.

 45 ساڵە ئێران و ئیسرائیل بە بەردەوامی و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لە یەکدی کردووە، بەڵام تا مانگی نیسانی ئەمساڵ بە ئاشکرا هێرشی سەربازیان بۆ سەر یەکدی ئەنجام نەدابوو، ئێران بۆ جاری دووەم لە یەکی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، حکوومەتی ئیسرائیلیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئێران دەکات.

بەگوێرەی دامەزراوەی کارنیگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، وەڵامی ئەمجارەی ئیسرائیل توندتر دەبێت لەو هێرشەی کە لە مانگی نیسان بۆ سەر سیستەمێکی ڕادار لە نزیك بنکەیەکی ئاسمانی ئەسفەهان ئەنجامی دا.

دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەری هەیە ئیسرائیل دامەزراوەی ئەتۆمی و دامەزراوە نەوتییەکان و شوێنی دروستکردنی ئەو مووشەکە بالیستییانە بۆردومان بکات کە ئێران لە هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل بەکاری هێنان.

دوای هێرشەکەی ئێران چەندین بەرپرسی باڵای ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کردووە، هەریەکە لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بێزالیل سمۆتریچ ،وەزیری دارایی وڵاتەکە رایانگەیاند، هەر کەسێک هێرش بکاتە سەرمان هێرش دەکەینەوە سەریان و ئێران هاوشێوەی حزبوڵڵا و لوبنان و حەماس پەشیمان دەبێتەوە.

هەروەها سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئامادەکارییەکان بۆ وەڵامدانەوە بەردەوامن و ئێران باجێکی گەورە دەدات.

دوای هەڕەشەکانی حکوومەتی ئیسرائیل، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵام ئەگەر لە شوێنی ئەوان بێت، هێرش ناکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ئێران، هەروەها جەختیشی کردەوە لە توانایاندایە خۆیان لە هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور بگرن.

 
Fly Erbil Advertisment