سەرۆک وەزیران لە دهۆک پرۆژەی (کاڤین فارم) دەکاتەوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

کاتژمێر 11:00ـی ئەمڕۆ دووشەممە، 07-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دهۆک، پرۆژەی ( کاڤین فارم) دەکاتەوە، کە تایبەتە بە بەخێوکردنی مانگا و بەرهەمهێنانی ماست و شیر و پەنیر .

د. هەڤاڵ سدیق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی پارێزگای دهۆك بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  "کاڤین فارم، گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی ئاژه‌ڵداری و شیره‌مه‌نییە له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و بە گوژمەی 80 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە". 

ڕووبەری پرۆژەکە، وەکوو ئەوەی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی پارێزگای دهۆك ئاماژەی پێ کرد، سێ هەزار دۆنمە و دوو هه‌زار و 500 هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێت. 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی پارێزگای دهۆك ئەوەشی خستە ڕوو "پرۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی 120 هەزار لیتری شیری لە ڕۆژێکدا هەیە؛ ئەمەش وا دەکات به‌رهه‌می شیره‌مه‌نیی ناوخۆ، شوێنی به‌رهه‌می بیانی بگرێتەوە".

ڕۆژی 07-06-2022 لەلایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بەردی بناغەی پرۆژەکە دانراوە و لە ماوەی دوو ساڵ و سێ مانگدا تەواو کراوە. 

ڕووبەری سەوزایی پرۆژەی "کاڤین فارم" زیاتر لە 125 هەزار مەتر دووجایە و نزیکەی 25 هەزار نەمام لێی چێندراون.