عێراق 700 مێگاوات کارەبا لەدەستدەدات
بە کارێکی تێکدەرانە پەکی کەوت
K24 - ھەولێر
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، هۆکاری کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا بۆ لە دەستدانی 700 مێگاوات کارەبای نیشتمانی دەگەڕێتەوە، کە بە هۆی کارێکی تێکدەرانە زیانی بەرکەوتووە.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا وەزارەت داوای لێبووردن لە هاووڵاتییان دەکات.
روونیشی کردەوە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زۆربوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا هۆکارێکی سەرەکی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبایە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشدا، نەتوانراوە چەندین یەکە لە وێستگەکانی کارەبا نۆژەن بکەنەوە، کە هۆکارەکەی بۆ نەبوونی بودجە و خەرجی پێویستە بۆ نۆژەنکردنەوەی یەکەکان لە کاتێکدا دەبوایە بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵ بەکارهێندرابان.
راشیگەیاند، هێرشەکان بەرنامە بۆ دارێژراون بۆ بە ئامانج کردنی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا، کە کاریگەری لەسەر کاتژمێرەکانی دابینکردن هەبووە، جەختیشی کردەوە، دووشەممەی رابردوو هێڵی مەنسوورییە دیالە تەقێندرایەوە، هەروەها هێڵی ئەمین لە رۆژهەڵات بەغدا کەی ڤی 400، دوێنێ سێشەممە بە کارێکی تێکدەرانە پەکی کەوت و بەهۆیەوە 700 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە.