یانەی سەیدسادق لە لێواری دابەزین و هەڵوەشاندنەوەدایە
یانەی سەیدسادق تاكە یانەیە كە هێشتا ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان نەكردووە، لە كاتێكدا خولەكە تەنیا 28 رۆژی ماوە بۆ ئەوەی دەست پێ بكات
یانەی سەیدسادق تاكە یانەیە كە هێشتا ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان نەكردووە، لە كاتێكدا خولەكە تەنیا 28 رۆژی ماوە بۆ ئەوەی دەست پێ بكات، ئەندامێكی دەستەی كارگێری یانەكەش بە كوردستان24ـی راگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوو بڕیارێكی یەكلاكەرەوە دەدەن، هەموو رێگەیەك دەگرینەبەر بۆ ئەوەی یانەكە بۆ خولی پلەیەكی كوردستان دانەبەزێت.
یانەی سەیدسادق وەرزی رابردوو پلەی حەوتەمی لە خولی نایابی كوردستان بەدەستهێنا، بۆ وەرزی نوێی ئەمساڵیش تووشی كێشەیەكی دارایی قورس بووەتەوە و تا ئێستا هیچ لایەك بە هانای ئەو یانە گەورەیەی شارەزوور نەچووە و یانەكەش لە لێواری دابەزین و هەڵوەشاندنەوەدایە.
بەهۆی ئەو قەیرانەی یانەی سەیدسادق تووشی بووە، سەرجەم یاریزانەكانی یانەكە بەرەو یانەكانی دیكە رۆیشتوون و ئێستا یانەكە تەنیا 2 یاریزانی ماوەتەوە، جگە لەمەش ستافی راهێنەران و سەرۆكی یانەكەش دەستی لەكاركێشاوەتەوە و یانەكەش 55 ملیۆن دیناری وەرزی رابردوو قەرزدارە.
بەهۆكاری ئەوەی یانەكە لە لایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی سنوورەكە پشتگوێخراوە، تەیوب حاجی رەشید وازهێنانی لە سەرۆكایەتی یانەی سەیدسادق هێناوە، ئەمەش لە كاتێكدا بوو یانەی سەیدسادق بە سەرۆكایەتی تەیوبی حاجی رەشید لە ماوەی 3 وەرزی رابردوو سەردەمێكی زێڕین و پڕ لە ململانێیان لە خولی نایابی كوردستان.
تەیوب حاجی رەشید ئێستا وەكو ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی سەیدسادق ماوەتەوە، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند تا ئەم كاتە هیچ لایەنێك دەستی هاوكاری بۆ یانەكە درێژ نەكردووە، دەشڵێت: لە دوو رۆژی داهاتوو لەگەڵ ئەندامانی یانەكە كۆدەبینەوە و بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەبارەی چارەنووسی یانەكە دەدەین.
سەرۆكی پێشووی یانەكە گوتیشی: هەموو رێگەیەك دەگرینەبەر بۆ ئەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ یانەكە بەدەستبهێنین، چونكە ئەگەر وانەكەین یانەكە زیاتر دەبێتە قوربانی و بۆ خولی پلەیەك دادەبەزێت، بۆیە لەم قۆناغە سەختە دەرگای یانەكە بەڕووی هەموولایەك دا دەكەینەوە و بیركردنەوە لەبەرژەوەندی یانەكە دەخەینە پێش بەرژەوەندی هەموو لایەنێك.
بڕیارە وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان لە رێككەوتی 7/11/2024 كە دەكاتە رۆژی پێنجشەممە دەست پێ بكات،بە گوێرەی رێنماییەكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لە كۆتایی خولەكە 4 یانە بۆ خولی پلەیەكی كوردستان دادەبەزێت، هەر یانەیەكیش بۆی هەیە 4 یاریزانی پیشەگەر بگوازێتەوە، یاریزانانی كوردی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش بە پیشەگەر هەژمار دەكرێت.