باوکی بێلینگهام بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئینگلاند کرا

بێلینگهام و ماڵباتەکەی
بێلینگهام و ماڵباتەکەی

مارک بێلینگهام باوکی جود بێلینگهام ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید و جوب بێلینگهام ئەستێرەی یانەی بورووسیا دۆرتموندی ئەڵمانیا، کە لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری کارەکانی هەردوو کوڕەکەیەتی بانگهێشتی هەڵبژاردەی تەمەنی سەروو 50 ساڵی ئینگلاند کرا.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، باوکی ئەستێرەکەی یانەی ریاڵ مەدرید سەرەڕای ئەوەی لە کاروانی وەرزشی هەرگیز نەیتوانی یاری بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکەی بکات، بەڵام ئێستا نزیکە لەوەی یەکەم یاری بۆ هەڵبژاردەی سەروو تەمەنی 50 ساڵانی وڵاتەکەی بکات و بۆ یاری داهاتووی ئەو هەڵبژاردەیە بانگهێشتکراوە.

مارک لەوەتەی ساڵی 2019 بە یەکجاری وازی لە یاریکردن هێناوە و پێش ئەوەی واز لە یاریکردن بهێنێت یاری بۆ نزیکەی 22 یانەی جیاوازی وڵاتەکەی کردووە. ئەو یانانەشی کە مارک یاری بۆ کردوون دیارترینیان لیمینگتۆن و Bromsgrove Sporting بوو. بێلینگهامی باوک لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2009 زۆرترین یاری بە درێسی یانەی لیمینگتۆن کرد و پاشان لە ساڵی 2014 زۆرترین یاری بە درێسی یانەی دووەم کردووە. بێلینگهامی باوک لە کاروانی وەرزشی توانیویەتی زیاتر لە 700 گۆڵ تۆمار بکات.

مارک بێلینگهام دوای وازهێنانی لە یاریکردن هەر بەردەوام بووە و لەگەڵ تیپەکانی ئەفسانەکان یاری کردووە. بڕیارە هەڵبژاردەی سەروو تەمەنی 50 ساڵی ئینگڵاند رۆژی یەکشەممەی داهاتوو رووبەڕووی ئێرلەندا ببێتەوە و بێلینگهامی باوکیش یەکەم یاری بە درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات.