مەسرور بارزانی: دەستی ئاوەدانی دەگەیەنینە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە، ڕایگەیاند: "خەریکی جێبەجێکردنی پلان و پرۆژەی بەیەکەوە بەستنەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستانین". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر-کۆیەی دانا و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "ڕێگەکە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ بەستنەوەی شاری کۆیە، تەقتەق و دەوروبەری بە هەولێری پایتەخت و دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە بەستنەوەی هەولێر بە سلێمانی". 

سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد: "ئێمە بەرنامە و پلانی زۆرمان هەبووە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی باشی ڕێگەکان بۆ بەستنەوەی هەموو شارەکان بە یەکترەوە و وردە وردە خەریکین ئەو پلانە جێبەجێ دەکەین".  

سەرۆک وەزیران گوتی: " چەندان ساڵ لەمەوبەر بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە درابوو، بەڵام بە هۆی جیاواز، پرۆژەکە جێ بەجێ نەکرا، ئێمە بڕیارمان داوە بە دیزاینێکی نوێتر و فراوانتر، بە کوالیتی و ستانداردی نێودەوڵەتی ئەم پرۆژەیە جێ بەجێ بکەین. هیوادارم لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمپانیای جێبەجێکار بتوانێت ڕێگەکە بخاتە خزمەتی هاووڵاتییان". 

مەسرور بارزانی هیوای خواست: " چی دیکە ڕێگر و بەربەست لە بەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دانەنرێن، ئێمە دەمانەوێت بەبێ جیاوازیی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەنین". 

سەرۆک وەزیران داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد، "دوای جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان، پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن و ڕێز لە حەرەمی ڕێگاکان بگرن و نەیبەزێنن، چونکە ئەم ڕێگەیە چەند سوودی هەیە بۆ خێراترکردنی هاتوچۆی نێوان دوو شار، ئەوەندەش سوودی هەیە بۆ سەلامەتی و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ؛ هەروەها سیمای وڵاتەکەشمان جوانتر دەکات". 

 

 

درێژایی ڕێگەی هەولێر- کۆیە 38 کیلۆمەترە، بە گوژمەی 403 ملیار دینار جێ بەجێ دەکرێت و لەماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ دەکرێت. ڕێگەکە 32 مەتر پانە و بە کواڵێتیەک و دیزانێکی سەردەمیانە دروست دەکرێت. لەگەڵ دروستکردنی شەقامەکەدا پردێکی نوێ بە درێژی 250 مەتر لەگەڵ پێنج ئۆڤەر پاس دروست دەکرێت کە ناوچەکانی نزیک شەقامەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.