هیوا ئەحمەد: گەرمیانییەکان دەنگ بە پارتی بدەن بۆ ئەوەی کاروانی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکەیان
هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: پشتمان بە خەڵکی گەرمیان قایمە، لە پرۆسەی دەنگدانی ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر هەموو بەیەکەوە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێرن، ئاماژەی بەوەشکرد دەنگدان بە پارتی، دەنگدانە بە گەیشتنی کاروانی ئاوەدانی بەگەرمیان.
پێنجشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئامانجەکانی خەڵکی گەرمیان لەگەڵ ئامانجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە چاومان لەوەیە خەڵکی گەرمیان بە تێکڕای هۆزەکانی و تەواوی پێکهاتەکانی، چین و توێژەکانی، بۆ یەک جاریش بێت پارتی دیموکراتی کوردستان تاقی بکەنەوە و دەنگ بە لیستی 190ـت پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.
گوتیشی: لە هەڵبژاردنی ئەمجارە چاومان لە گەرمیانە کە لە پشتی پارتی بن بۆ ئەوەی کاروانی ئاوەدانی پارتی بگاتە دەڤەرەکەی ئەوانیش.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 26ـی حوزهیرانی ئهم ساڵ، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، لەلایەن خۆیەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند، کە لە وادەی دیاریکراودا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو ئامادەییەکی خۆیی دەربڕیوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.