دەم پارتی: چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا پێویستی بە هەنگاوی کردەییە

بەرپرسێکی باڵای دەم پارتی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی چارەکردنی کێشەی کورد لە تورکیا ڕایگەیاند، قسە و هەنگاوی گرنگ گیراوەتەبەر، بەڵام دەبێت هەنگاوی کردەیی بنرێت.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە پێشهاتەکانی تایبەت بە بوونی قۆناغێکی نوێی ئاشتەوایی و چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا گوتی: پێویستە فشارەکانی سەر دەسەڵاتی دادوەری هەڵ بگیرێن و کار بۆ چارەکردنی کێشەی کورد بکرێت.
هەروا ڕایگەیاند، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا هیچ هەوڵێک نەبووە بۆ دیدار و کۆبوونەوە لە بارەی ئاشتەوایی و چارەکردنی پرسی کورد، بەڵام ئەوان وەک دەم پارتی دەرگایان بۆ هەموو لایەک کراوەیە و ئامادەی دانوستانن.
گوڵستان کڵچ لە قسەکانیدا ڕەخنەی لە سیاسەتی هەنووکەیی ئاکپارتی و مەهەپە گرت و ڕایگەیاند، هەست بە شەرمەزاری دەکەین کە باس لەوە دەکەین دەبێ سیاسەتی ئەمڕۆ چۆن و چی بکات. گوتیشی: لە ڕاستیدا دەبێت هەڵەی ئەو دۆخە نائاساییەی ڕابردوو ئاشکرا بکرێ، چونکە کەس لە تاکڕەوی ڕابردوو سەرکەوتوو نەبوو.
دوای چەندین ساڵ شەڕ، لە ساڵی 2012 پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و توركیا ھاتە ئاراوە، شاندێك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە بۆ گفتوگۆی نێوان توركیا و پەكەكە پێكهات، لە ئیمڕالی سەردانی عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پەكەكەیان كرد، ھەروەھا چەند جارێكیش ئەو شاندە، نامەی ئۆجەلانیان بۆ سەركردەكانی پەكەكە گەیاندووەتە قەندیل، بەڵام دواجار سێ ساڵ، جارێكی دیكە ئاڵۆزیی لەنێوان ئاكەپە و ھەدەپە و پەكەكە، سەری ھەڵدایەوە، لەو سەروبەندەدا و لە ساڵی 2015 تەقینەوەیەك لە ناوچەی (پرسوس) سروچی سەر بە شاری رحای باكووری كوردستان رووی دا و توركیا پەكەكەی بە بكەری تەقینەوەكە لە قەڵەم دا، دوای ئەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆسەر بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان باكوور و باشووری كوردستان و بناری قەندیل کرد، ئەمەش بە ھەنگاوی یەكەمی دەستپێكردنەوەی شەڕ دادەنرێت.