سوپای ڕووسیا 15 گوندی لە هەرێمی کۆرسک کۆنتڕۆڵکرد

هێزی تایبەتی ئەحمەدی سەر بە سوپای ڕووسیا بڵاوی کردەوە: "لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا توانیویانە 15 گوند لەسنووری هەرێمی کۆرسکی ڕووسیا کۆنترۆڵبکەنەوە، کە لە مانگی ئابی ئەمساڵ لەلایەن ئۆکرانیاوە داگیر کرابوون".

هێزی ئەحمەدی سەر بەسوپای ڕووسیا باسی لەوەش کردووە: "زیانێکی زۆریان لە کەرتی سەربازی و مرۆیی ئۆکرانیا داوە بەجۆرێک لە ئابی ئەم ساڵەوە سوپای ئۆکرانیا نزیکەی 21 هەزار سەرباز  و 136 تانک و هەزار و 200 زرێپۆشی لە دەست داوە".

لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، دەیان هەزار ئۆکرانی کوژران و ئاوارەبوون، هەروەها بەشێكی زۆریان بە زۆرەملێ گواسترانەوە بۆ خاکی ڕووسیا، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیاش لەلایەن ڕووسیاوە داگیر کراوە.