رووماڵ

سیداد بارزانی: بە ڕێگەیەکدا هاتین بۆ دەڤەری ڕاپەڕین ساڵانی نەوەدەکان ڕێگەکە باشتر بوو

سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی
سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی

نوێنەری سەرۆک بارزانی، سیداد بارزانی لە بەشداریی  کەرنەڤاڵێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پشتگریی لە لیستی 190 گوتی: "بە ڕێگایەکدا هاتین بۆ دەڤەری ڕاپەڕین ساڵانی نەوەدەکان ڕێگەکە باشتر بوو، خەڵکی دەڤەرەکە دەتوانن ئەو ڕێگەیە بکەنە پێوەر بۆ ئەوەی بزانن کێ خزمەت دەکات".

سیداد بارزانی سڵاوی تایبەتی سەرۆک بارزانی گەیاندە خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین و ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشانی ناوچەکە کرد لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، گوتی: "خەڵکی دەڤەرە قوربانیی گەورەیان داوە، دووچاری کیماییباران و ڕاگواستن بوونەتەوە، جێی پەنجەیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازازی کوردستاندا دیارە".

گوتیشی:"دەڤەری پشدەر و بتوێن لانکەی شۆڕش و خەبات بوونە، بەڵام وەک پێویست لەڕووی ئاوەدانی و گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکان بایەخی پێ نەدراوە، وەڵامی قوربانی و مەزڵومییەتی ئەو دەڤەرە نەدراوەتەوە". ئۆ باڵی ئەو بێبەشبوونەشی خستە ئەستۆی حزب و لایەنەی دەسەڵاتداری ئەو دەڤەرە کە دەسەڵات و دارایی بۆ خزمەتی خەڵک بەکار نەهێناوە".

گوتی: "دەزانین بەهۆی پارتیبوونتان دووچاری فشار و مەحروومیەت بوون، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ تەحەمولی ئەوان هەیە، وەک چۆن لە شۆڕش و بەرگریی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕۆڵیان هەبووە، بۆ هەڵبژاردنی 20ـی تشرینی یەکەمیش بە دەنگدان بە لیستی 190ـی پارتی، داستانی سەرکەوتنێکی دیکەی مێژوویی بۆ پارتی لەو دەڤەرە تۆمار دەکەن". ئاماژەی بەوە کرد: "لە هەموو هەڵبژاردنەکانی 30 ساڵی ڕابردوودا پارتی حزبی یەکەم و براوەی یەکەم بووە و بە پشتیوانی خوای گەورە و هیمەتی ئێوە، پارتی هەر یەکەم دەبێت و دەیبەینەوە، بردنەوەی پارتی بەمانای مانەوەی کوردستان و بەهێزترکردنێتی، پارتی حزبی ئارامی و ئاوەدانی و ئاشتی و بونیاتنانە، نەوەک  ڕووخاندن و تێکدان".

نوێنەری سەرۆک بارزانی گوتی: "دڵنیابن لە کابینەی نوێی حکوومەتتدا کۆششی زیاتر دەکەین، بۆ ئەوەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕووی ئاوەدانی و گەشەپێدانەوە بایەخی زیاتری پێ بدرێت".

سیداد بارزانی گوتیشی: "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە دەبێت دەستی سەقامگیریی و ئارامی و ئاوەدانیی حکوومەتی هەرێم بگەیەندرێتە دەڤەری ڕاپەڕین، بۆ ئەوەی کوردستان سەربەرز و بەهێز بێت، هاوکات دەڤەری ڕاپەڕین ئارام و ئاوەدان بێت، داواتان لێ دەکەم خۆتان و خانەوادەکەتان و کەسوکارتان، بەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بدەن بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی پارتی، یەک دەنگیش بەهای خۆی هەیە و نابێت یەک دەنگی پارتی بەفیڕۆ بدرێت".

سیداد بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: "خەڵکێکی زۆر لە دەڤەری ڕاپەڕین متمانەیان بە پارتی کردووە لە خزمەتکردن، بە پێویستی زانی کە پێشوازیی لەو دەنگدەرانە بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکەوە خزمەت و ئاوەدانی و ئارامی بگەیەننە ناوچەکە".

ئاماژەی بەوە کرد: "20ـی ئۆکتۆبەری 2017 بە هاوکاریی چەند لایەنێک هێرش کرایە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام تێک شکان. لە 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵیش سەرکەوتنێکی دیکەی گەورە بۆ ڕێبازیی پارتی و بارزانی تۆماردەکەین بە دەنگەکانمان".

سیداد بارزانی گوتی: "کە هاتینە دەڤەرەکە، بە ڕێگایەکی زۆر خراپدا هاتین، ساڵانی نەوەتەکان باشتر بوو، با خەڵکی ناوچەکە ئەو ڕێگایە ببینن و بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی کێ شایەنی حوکمڕانییە".

گوتیشی: "بە نیاز بوون کارخانەیەکی قەند و شەکر لە ڕانیە دابنێن و ئێستە ئەو قەند و شەکرە بخۆین، کەچی تەنها قسە بوو، نە قەند و نە شەکر دروست نەکرا تا بیخۆین".