رووماڵ

هێمن هەورامی: ئەو دۆخە خراپەی بەسەر سنووری سلێمانیدا هاتووە سەرانی یەکێتی لێی بەرپرسن

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: "ئەو دۆخە خراپەی بەسەر سنووری سلێمانیدا هاتووە لە بوونی کارگەی ماددەی هۆشبەر و تیرۆر و تۆقاندن و دزی و تاڵان، سەرانی ئێستای یەکێتی نیشتمانی لێی بەرپرسن".

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی( ئێکس)ـی کوردستان24 کە کۆڤان عزەت پێشکەشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد: "دۆخی خراپی سنووری سلێمانی، سەرانی ئێستای یەکێتی لێی بەرپرسیارن؛ ئێستا ئەگەر سەیری بارودۆخی سلێمانی بکەین، لە دروستکردنی ماددەی هۆشبەر و کارگەری ماددەی هۆشبەر، ڕێژەی تیرۆر و تۆقاندن، ڕاوەدوونانی سەرمایەگوزارانی ناوخۆ و بیانی، ئەو دۆخەی بەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانیدا هاتووە، تاڵانکردنی خاڵە سنوورییەکان، سەرانی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لێی بەرپرسن، لەبەر ئەوە دەگەڕێینەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان، خەڵکی کوردستان حوکمڕانیی پارتییان بینیووە و تێکدانی دۆخی سلێمانیشیان بینیووە. خەڵکی کوردستان ڕێگەو بانەکانی هەولێر و دهۆکیان بینیووە، ڕێگەو بانەکانی سنووری سلێمانیشیان بینیووە، ئارامی و سەقامگیریی و ئاسایشی هەولێر و دهۆکیان بینیووە، تیرۆرکردنی ئاریە چایچییەکان و تۆقاندنی سنووری سلێمانیشیان بینیووە".

پێنجشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، دژە تیرۆری کوردستان بڵاوی کردەوە: "لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای زانیاریی پێشوەختە، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە گوندی ئاوبارەی ناحیەی مەیدان لە نزیک قەزای دەربەندیخان، لە لایەن دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵ دەستی بەسەردا گیرا، جگە لە ئامێر و دەزگاکانی کارگەکە، نزیکەی دوو تۆن لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆنی بەرهەمهێنراوی ئەو کارگەیەی تێدا بووە".

دژە تیرۆری کوردستان ڕایدەگەیەنێت: "ئەم کارگەیە بە ئاگاداری و لەژێر سەرپەرشتیی سەرانی تازەی (ی. ن. ک) دامەزرا بوو، دەسەڵاتدارانی سلێمانی هەموو هەوڵێکی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ خستەگەڕ تا چاوپۆشییان لێ بکرێت و بابەتەکە لە مێدیا و ڕاگەیاندنەکان بشاردرێتەوە یاخود بە قەبارەیەکی گەورە باس نەکرێت".