ئێران: سزاكانی ئەمەریكا شكستی ھێناوە

"ئەو سزا نوێیەكان پێشێلكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دادەنرێت"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، سزا نوێییەكانی واشنتن لەسەر تاران، بە مانای شكستی گەمارۆكانی رابردوو وەسف دەكات.

لە ھەنگاوێكی نوێدا ئەمەریكا بڕیاریدا سزای نوێ  لەسەر ئێران بسەپێنێت، كە خۆی لە دامەزراوە و كەسایەتی سەربازی و یاسایی دەگرێتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو ھەنگاوەی ئەمەریكا بە شكستی سزاكانی پێشووتری ناوبرد.

عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، زیادكردنی ناوی كەسایەتی نا ئابووری بۆ لیستی سزاكانی ئەمەریكا، ئاماژەیە بەوەی كە سزاكانی پێشووتری ئەو وڵاتە لەسەر ئێران، بە تەواوی شكستیھێناوە.

موسەوی راشیگەیاند، ئەو سزا نوێیانە بە پێشێلكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دادەنرێت و داوای لە كۆمەڵگای نێدەوڵەتی دەكات كە لێپێچینەوە لەگەڵ واشنتن بكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ چوارشەممە ئەمریكا كۆمەڵە سزایەكی نوێی لەسەر ئێران سەپاند ، كە  9 كەسایەتی كردووەتە ئامانج، لە نێوشیاندا وەزیری ناوخۆیی ئێرانە.