لە حاڵەتێکی دەگمەن منداڵێک لە دایکبوو خاوەنی دوو ئەندامی نێرینەیە

پزیشکان دووچاری سەرسوڕمان بوون

K24 – هه‌ولێر:

لە میسر منداڵێک لە دایک دەبێت خاوەنی دوو ئەندامی نێرینەیە، بەڵام دەرچەی کۆمی نییە، ئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنە لەو وڵاتە تۆمار کراوە.

پێگەی ئەلیکترۆنی "مەوقع سابع"ـی میسری بڵاویکردووەتەوە، پزیشکان بە حاڵەتەکە دووچاری سەرسوڕمان بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، منداڵەکە نەشتەرگەری بەپەلەی بۆ ئەنجامدراوە و توانراوە کونێکی لەبری دەرچەی کۆم لە سکییەوە بۆ بکرێت تاوەکو بەشێوەیەکی کاتی لەشی لە پاشەڕۆکان رزگاری بکرێت. دواتر ئەوەش ئاشکرا کرا، ئەو منداڵە کێشەی گەورەبوونی گورچیلەشی هەبووە.

ئەحمەد کەمال، بەرپرسی ئەو نەخۆشخانەیەی منداڵەکەی لێ لەدایکبووە دەڵێت، هیچ هۆکاری زانستی بۆ ئەو حاڵەتە نییە.

رۆژنامەی دەستووریش ئاشکرایکردووە، بەو حاڵەتەوە، 21 حاڵەتی هاوشێوە لە جیهان تاکو ئێستا تۆمار کراوە.

هەروەها، باوکی منداڵەکە رایگەیاندووە، ماوەی سێ ساڵە هاوسەرگیریی کردووە، خێزانەکەی منداڵی یەکەمی لەبارچووە، بەڵام دواتر منداڵێکی دیکەیان بووە تەمەنی دوو ساڵە.