سووی قەرزی بازاڕەکان، کۆمەڵگەی عێراقی دەهەژێنێت
دیاردەیەکی ئابووریی بازاڕەکانی عێراق دەتەنێت و دەبێتە هۆی چەندین کێشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و کەسی، تەنانەت لە ماوەی ڕابردوودا ئەو دیاردەیە بووە هۆی ئەوەی کەسێک هاوسەرەکەی و منداڵەکەی بکوژێت و دواتر خۆشی بکوژێت.
ئەو دیاردەیەی پێدانی پارەیە بە (سوو) لەلایەن هەندێک نووسینگەوە کە دەوترێت سەر بە گرووپە چەکدارەکانی عێراقن و ئەو پارەیەی بەدەستیانەوەیە هی گرووپەکانە و بەشێکی لە گەندەڵییەوە دەستیان کەوتووە، ڕۆژنامەی (العربي الجديد) ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی دیاردەکە بڵاوکردووەتەوە و لە ڕاپۆرتەکەدا چەندین زانیاری نوێ خراونەتەڕوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ نووسینگەکان ناوێکیان بۆ ئەو پرۆسەیە داتاشیوە ئەویش بریتییە لە "الدين بالفايض" ئەمە بەشێوەیەکە کە کەسێک دەچێت لە یەکێکە لە نووسینگەکان بڕێک پارە بۆ نموونە 10.000 دۆلار وەردەگرێت، ڕێک دەکەون کە دەبێت دوای شەش مانگ یان ساڵێک 13000 دۆلار بۆ نووسینگەکەی بگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: "ئەو حاڵەتەی کە هەفتەی ڕابردوو ڕووی داوە و تێیدا کەسێک هاوسەر و منداڵەکەی دەکوژێت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، بەهۆی قەرزدارییەوە بووە، بەشێوەیەک کە کەسەکە لە یەکێک لەو نووسینگانە قەرزی کردووە بۆ کڕینی خانوو، دواتر نەیتوانیوە قەرزەکە بگەڕێنێتەوە و بڕێکی زۆری پارەی سووی لەسەر کەڵەکە بووە".
ئەحمەد تائی، ئابووریناس: "ئاماژە بەوە دەکات ئەو جۆرە بازرگانییە کە لە ئەنجامدا خاوەن پارەکە سووی دەست دەکەوێت، بە یاسا قەدەغەکراوە، بەڵام حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنیت".
لای خۆیەوە مریەم وەکیل، یاساناس ئاماژە بەوە دەکات: "دیاردەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە عێراقدا تەشەنەی کردووە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و بەهۆیەوە چەندین کێشەی یاسایی هاتوونەتە ئاراوە".